مێژووی دروستبوونی زەڕایەن
مێژووی دروستبوونی زەڕایەن
ئامادەکردنی: یونس سلێمان ئەحمەد
پاش دروستکردنی حکومەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٢٥ و لکاندنی باشووری
کوردستان بە دەوڵەتی پاشایەتی ئەوسای عێراقەوە، دەستکرا بە دامەزراندنی دەزگا ئیدارییەکان
لە عێراقدا، لەکوردستانیشدا چەند لیوا (پارێزگا) و قەزا و ناحیە دامەزرا. یەکێک لە
ناحیەکان، ناحیەی وارماوا بوو لە گوندی چەمەرگە ئیدارەکەی دامەزرێنرا، سنورەکەشی ئەو
کاتە پێکھاتبوو لە ناحیەی زەڕایەنی ئێستاو ھەڵەبجەی تازە و دەربەندیخان بە ھەموو دێھاتەکانییەوە.
لە ساڵی ١٩٥٢ بەڕێوەبەرێتی ناحیەی وارماوا لە گوندی چەمەرگە گوێزرایەوە بۆ گوندی قلیجە
تا ساڵی ١٩٥٨، لە ساڵی ١٩٥٢ تا ساڵی ١٩٥٥ شێخ نوری شێخ ساڵح بەڕێوەبەری ناحیە بووە.
پێش شۆڕشی ١٤ی تەممووز لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ ماوەیەکی کەم، بەڕێوەبەرێتی ناحیەکە گوێزرایەوە
بۆ گوندی چنارە و ھەر بەناوی بەڕیوەبەرێتی ناحیەی وارماواوە بووە، لە ماوەی ساڵەکانی
١٩٥٥ تا ١٩٥٨ عەبدول جەبار زەنگەنە بەڕێوەبەری ناحیەی وارماوا بووە. لە پاش شۆڕشی
١٤ی تەممووزی ١٩٥٨ بەڕیوەبەرێتی ناحیەی وارماوا لە گوندی چنارەوە گوێزراوەتەوە بۆ دەربەندیخان
و ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ بەڕێوەبەرێتی ناحیەی دەربەندیخان. لە ساڵی ١٩٧٩ ناحیەکە گوێزراوەتەوە
بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی زەڕایەن، کە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە لە ساڵی ١٩٧٨ لەشێوەی
ئۆردوگای زۆرەملێ لەدانیشتوانی گوندەکانی سەر سنوری عێراق-ئێران کەژمارەیان (٢٠)گوند
بووە کە بەزەبری ھێز و سوپا و تانک ڕاگوێزران بۆ ئەم شارۆچکەیە کە ژمارەی ماڵەکانیان
(١٢٥٠) ماڵ بوون. کەبریتیی بوون لەم گوندانە (گمە، پشتە، گڵیجاڵ، قەڵپ، بەلەسۆ، چواردارانی
سەروو، چواردارانی سەروو، کانی پاشا، کانی وەیسکی، تۆوشکێ، مۆرتکە، سەرشاتەی خواروو،
سەرشاتەی سەروو، زارێن، کانی ژاڵە، ھۆرێن، سەرتەک، بەڕوێن، بانی بۆڵان)، بەڵام بەھۆی
ئەوەی لەوکاتەدا بەشێک لەماڵەکانی گوندی ھۆرێن و کانی ژاڵە ئاوارە بوون لەگوندەکانی
چوارداران و بەلەسۆ و گڵێجاڵ و کانی ویسکێ و کانی پاشا دانیشتبوون ئەوانیش ھاتوونەتە
ئۆردووگای زەڕایەن.
ناحیەی زەڕایەن لە ساڵی ١٩٧٩ سەر بەقەزای دەربەندیخان بوو
لە پارێزگای سلێمانی. بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی حوکمی محلی لەڕۆژی ١٦ی تشرینی یەکەمی
١٩٧٩ ناحیەی زەڕایەن پێکھێنراو بەپێی مەرسومی کۆماری ژمارە (٣١١) لەڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی
١٩٨٩ناوی ناحیەکە گۆڕا بۆ ناحیەی شارەزوور
یەکەم بەڕێوەبەری ناحیە ناوی محەممەد یاسین بووە.
لەدوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ تا ساڵی ١٩٩٥ لە ڕووی ئیدارییەوە
بەسترابوەوە بە پارێزگای کەرکووکەوە لەقەزای دەربەندیخان. لە ساڵی ١٩٩٥ بە فەرمانی
ئەنجومەنی وەزیرانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ناحیەی زەڕایەن لەڕووی ئیدارییەوە خرایە
سەر قەزای شارەزوور لەپارێزگای سلێمانی.
یەکەم قوتابخانە
دوای دروستکردنی شارۆچکەی زەڕایەن لە ساڵی ١٩٧٨، یەکەم قوتابخانە
کە دروستکرا قوتابخانەی ھەواران بوو. ئەم قوتابخانەیە بەفەرمی لە ٤ی تشرینی یەکەمی
١٩٧٨ دەوامی تێداکرا و ئەمانەش بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکە بوون:
١- مەحمود خورشید سلێمان لە ساڵی ١٩٧٨–١٩٧٩
٢- سەلوی محەممەد عومەر لە ساڵی ١٩٧٩–١٩٨٣
٣- فائیق مەجید ئەحمەد لە ساڵی ١٩٨٣–١٩٨٤
٤- ئەکرەم ساڵح فەتوڵڵا لە ساڵی ١٩٨٤–١٩٨٦
٥- سالار محەممەد ئەحمەد لە ساڵی ١٩٨٦–١٩٨٩
٦- مەحمود ساحب نەجمەدین لە ساڵی ١٩٨٩–١٩٩١
٧- عەلی محەممەد حەمەد سعید لە ساڵی ١٩٩١–٢٠٢٠
٨- عەبدولڕەحمان ئەمین عەزیز لە لەڕۆژی ١-٧ ٢٠٢٠
ئەم قوتابخانەیە چەندین نەوەی پێگەیاندووە.
مێژووى دامەزراندنى یەکەم خوێندنگاى ناوەندى و ئامادەیی لە
زەڕایەن
دواى درووستبوونى زەڕایەن لەساڵى 1978 هەر لەسەرەتاوە قوتابخانەى
سەرەتایی تێداکرایەوە، بەڵام هیچ خوێندنگایەکى ناوەندى و ئامادەیی تێدا نەبوو تا لەساڵى
1982 بۆیەکەمجار خوێندنگایەکى ناوەندى بەناوى ( متوسط زراين للبنين) کرایەوە لەبیناى
قوتابخانەى کاروان ئێستا.
لەساڵى 1986 خوێندنگاى دواناوەندى بەناوى ( ثانوية زراين
للبنين) کرایەوە.
لەساڵى 1991 دواناوەندى زەڕایەنى کوڕان کرایەوە، دواتر لەساڵى
2004 ناوەندى (کوردۆ) و لەساڵى 2006 ناوەندى (نیشتیمان) لێ جیابووەتەوە.
لەساڵى 2008 بوەتە ئامادەیی شەهید سەرچڵ کوڕان.
هەروەها ئامادەیی (نیشتیمان)ى کچانیش جیاکراوەتەوە.
یەکەم بەڕێوەبەر ناوى ( تاهر حەمەخان قادر) بووە لەساڵى
(1982 تا 1987) بەڕێوەبەر بووە.
ناوى بەڕێوەبەرەکان:
١- تاهر حەمەخان قادر (
1982 تا 1987)
٢- مهاباد فەرەج محەمەد ( 1987 تا 1990)
٣- عومەر ئەحمەد مەحمود ( 1990 تا 1992)
٤- عزەت عارف ئەحمەد (1992 تا 1995 )
٥- ئیبراهیم ڕەشید فەرەج (1995 تا 1996)
٦- ئازاد عەبدوڵا سەعید (1996 تا 1997)
٧- مەحمود ئەحمەد کاکە (1997 تا 2002)
٨- ئەحمەد حەمەکەریم ڕەحیم (2002 تا 2005 )
٩- ئیبراهیم محەمەد عەزیز ( 2005 بەکاتى)
١٠- مەحمود حەمەئەمین ( 2005 – چەند مانگى)
١١- لقمان محەمەد قادر (2006 تا 2009)
١٢- سەباح فەتاح ئەحمەد (2009 تا 2011)
١٣- لقمان محەمەد قادر ( 2011 - تائێستا)
یەکەم مزگەوت
مزگەوتی کانی ئاسکان یەکەم مزگەوتی ناوچەکەیە لە ڕووی مێژوویی
ناوچەکەوە و ساڵی ١٩٧٩ بنیاتنراوە بە ھەوڵ و ماندووبوونی مامۆستا مەلا محەمەدی تاوگۆزی
و چەند کەسێکی دڵسۆزەوە بەقەبارەی ١٥×١٠ دواتر لە ساڵی ١٩٨٦ دا بەشیکی دیکەی بۆ زیادکراوە
لەلایەن حاجی حەسەن باجەڵانەوە. دواتر لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن خێرخوازانەوە بەسەرپەرشتی
محەممەد سۆفی محمود گڵیجاڵییەوە سەرلەنوێ بنیاتنراوەتەوە. یەکەم پیشنویژ و وتاربێژی
مەلا فایەق قەڵپی بووە. دواتر بۆ ماوەی نزیکەی پینج مانگ مامۆستا مەلا محەمەدی سەرشاتە
وتاربیژ بووە. دوای ئەویش بۆ چەند مانگیک مامۆستامەلا سەعیدی گڵێجاڵ وتاربێژ بووە.
پاشان دووبارە مامۆستا مەلا فایەق گەڕاوەتەوە بۆ ھەمان مزگەوت و وەک وتاربێژ کاریکردووە.
لە ساڵی ١٩٩٣یشەوە مامۆستامەلا مەحمودی تاوگۆزی وەک پیشنویژ و وتاربێژ دەستبەکاربووە
تاکۆتایی ساڵی ٢٠١٥ و لەوکاتە بەدواشەوە مامۆستا مەلا محەمەدی کوڕی ئەو ئەرکەی گرتوەتە
ئەستۆ و لە وتاربیژی بەردەوامە.
ھەروەھا ئەم مامۆستایانە ھەریەکەو بۆ ماوەیەک وەک ئیمام لەوی
کاریان کردووە:
م. مەلا ڕزگار
م. مەلا فەرھاد
م. مەلا قادر
م. شێخ حسێن شەمیرانی
مزگەوتی کانی ئاسکان دەکەوێتە گەڕەکی ڕاپەڕین لە زەڕایەن.
ناوی زەڕایەن
لەسەر ناوی زەڕایەن چەند ڕایەکی جیاواز ھەیە، گەریدەی ناودار (کەریم زەند) دەڵێت:
لە شوێنی زێڕ یان خاوەن زێڕەوە ھاتووە". لەبۆچونێکی تردا ھاتووە دەڵێت: ناوی زەڕایەن لەناوی ژنێکەوە ھاتووە، کە لەوناوچەیە ژیاوە ناوی زێڕین بووە.
ھەروەھا لەبۆچوونێکی تردا ئاماژە بەم ناوە دەکات و دەڵێت
"لەوناوچەیەدا کانییەک ھەبووە ناوی (کانی زێڕین) بووە دواتر ئەم ناوە گۆڕاوە بۆ
زەڕایەن.
لەبۆچوونێکی تردا ھاتووە لە ساڵی ١٩٧٨دا حکومەتی ڕژێمی بەعس
ھاوڵاتیانی گوندەکانی ئەوبەری سیراونی گواستەوە، ئەو گوندانەی کە نزیکی زەڕایەن بوون
ئەوانیشی گواستەوە بۆ (مجموعەی زەرایەن) واتا ئۆردوگای زەڕایەن ئەم ناوی زەڕایەنەش
لەناوی گوندی (زەڕایەنی کۆن) وە ھاتووە کە نزیکی زەڕایەنە.
ئامارەکان
ڕووبەری زەوی ناحیەی زەڕایەن
سەبارەت بەڕووبەری ناحیەی زەڕایەن بەدۆنم، بەپێی داتاکانی
ساڵی٢٠١٢ دەرکەوتووە کۆی گشتی زەویە کشتوکاڵییەکان لەوەڕگاو دارستان(١١٤٠٩٤٬٥)دۆنم بووە لەنێوانیاندا بڕی ٥٢٢٧٧ دۆنم زەوی دێم وەبڕی ١٤٩٧٨دۆنم بەراوە وەبڕی
٦٥٢٨دۆنم بەردەڵانە واتە بێ کەڵکە ھەروەھا لەوەڕگاش ٢٨٩١٥دۆنم لەوەڕگایە وبڕی
١٠٨٦٠دۆنم دارستانی سروشتییەو بڕی ٥٠٠دۆنم دارستانی دەست کردە کەلە لایەن فەرمانگە
پەیوەندی دارەکانەوە دروست کراوە، ھەروەھا بڕی(٧٨٬٥) دۆنم باخی بەراوە وەبڕی (٣٦)دۆنم ڕەزە واتە دێم.
ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی زەڕایەن بەپێی ئاماری ساڵی
٢٠١٧: (٤٩٩٧) خێزان و (٢٦٩٤٠) کەسە. بەم جۆرە دابەشبووە بە سەر شار و لادێدا:
ناوەندی ناحیەی زەڕایەن: ژمارەی خێزان(٣٤٣٦)، ژمارەی کەس
(١٧٦٠٤).
گوندەکان: ژمارەی خێزان (١٥٦١)، ژمارەی کەس (٩٣٣٦).
جوگرافیا/
شوێنی ناحیەکە/
بەپێی بازنەکانی پانی دەکەوێتە نێوان (٣٥٬١٥–٣٥٬١٨)ـی باکور ھێڵەکانی درێژی (٤٥٬٣٩–٤٥٬٤٤)ـی خۆرھەڵات.
سەبارەت تۆبۆگرافیای ناحیەی زەڕایەن درێژییەکەی لە ڕۆژھەڵاتەوە
بۆ ڕۆژاوا(٤٥)کم پانییەکەی(١٥–٢٠)کم وەبەرزییەکەی لەنێوان (٤٥٠–٦٠٠)م وەشاخەکانی ھەورامان
و چوارتاو باڵامبۆدەوریان داوە لەباکوری ڕۆژئاواوە دەبەسترێتەوە بەدەشتی سلێمانی، ئەم
دەشتە بە بەپیترین دەشت دادەنرێت لەھەرێمی کوردستاندا بەھۆی نیشتوی ڕووبارەکانەوە کە
لەشاخەکاندا دێتە سەرئەم دەشتە ڕووباری تانجەرۆ و ئاوی زەڵم و چەقان و ڕووباری تابین
لەبەشی ڕۆژئاوایەوە دەڕژێتە ناوی.
سنووری جوگرافی زەڕایەن
ناحیەی زەڕایەن دەکەوێتە باشوری ڕۆژھەڵاتی شاری سلێمانی بە
دووری ٣٦ کیلۆمەتر. لە ڕۆژھەڵاتەوە قەزای سەیدسادقەوە چەمی تانجەرۆ لە یەکتریان جیادەکاتەوە.
لە بەنداوی دەربەندیخان تادەگاتە گوندی قەرەگۆل لەوێدا ناحیەی تانجەرۆ ھاوسنورە لە
گەڵیدا، لە خۆرئاواوە سنورەکەی درێژ دەبێتەوە بۆ گوندەکانی بناری قەرەداخ لە گوندی
ئاوەکەڵەوە بەبنارەکەدا تێدەپەڕی تاگوندی چەم و ژاڵە لەوێشەوە دەپەڕێتەوە گوندی میرەدێ
تا دەگاتە گوندەکانی کانی بەردینە و دەق.
گوندەگانی سنوری ناحیەی زەڕایەن:
زەڕایەن (ناوەند)
کانی میل
بایزئاوا
ئالان
ئاوایی شێخ حسێن
ئاوەکەڵە
ئەحمەدئاوا، وارماوا
ئۆردوگای نەسر
بەردەکەڕ، وارماوا
بیدەن
بێسەلمێن
تەپەکەڵ
تووەقوت
جەرداسنە
جۆلانە
چەم وژاڵە
حاسڵ
خەرجانە
داری قەلان
دسکەرە
دەق، وارماوا
زەلەڕەش
سارتکە، وارماوا
سێتەلانی خواروو
سێتەلانی سەروو
قلیجە
قەرەگۆلی خواروو
قەرەگۆلی سەروو
قەڵبەزە، وارماوا
کانی بەردینە، وارماوا
کانی توو، وارماوا
کانی کەوەی جوخ
کانی کەوەی کۆن
کانی کوێرە
کانی مرواری
کانی ھەمزە
کانی ھەنجیر، وارماوا
کانێسکان
کەلەکاوی
کورەی خواروو
کورەی سەروو
کۆڵەبی، وارماوا
گەورەقەڵا، وارماوا
مالوانی ئیبراھیم کەریم
مالوانی حەمەی عەزیز
مالوانی ڕەشیدڕەمەزان
مەحمودخانی خواروو
مەحمودخانی سەروو
میرەدێ
یەخشی خواروو
یەخشی سەروو
یەخشی نوێ
مزگەوتەکانی زەڕایەن
مزگەوتی گەورە
مزگەوتی کانی ئاسکان
مزگەوتی مەولەوی
مزگەوتی شێخ ساحێب
مزگەوتی سەلاحەدین
مزگەوتی پیر خدری شاھۆ
مزگەوتی دەروازە
مزگەوتی مەحوی
قوتابخانە و خوێندنگاکانی زەڕایەن
قوتابخانەی ھەوارانی بنەڕەتی
قوتابخانەی کاروانی بنەڕەتی
قوتابخانەی دانای بنەڕەتی
قوتابخانەی کانی میل بنەڕەتی
قوتابخانەی کوردۆی بنەڕەتی کوڕان (٧–٩)
قوتابخانەی شەھید مامۆستا ستاری بنەڕەتی کچان (٧–٩)
ئامادەییی نیشتیمانی کچان
ئامادەییی شەھید سەرچڵی کوڕان
سەرچاوەکان
١- ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (٢٢٣٧) لەڕۆژی ٢٩ی ئابی
٢٠٠٠، لاپەڕە (٥)
٢- کتێبی (سلێمانی شارە گەشاوەکەم) بەرگی سێیەم، جەمال بابان،
ئاسۆ بابان، ئومێد خالید، چاپی دووەم، ٢٠١٢، چاپخانەی ئاراس، ھەولێر
٣- مەرسۆمی کۆماری، ژمارە(٣١١) لەڕۆژی ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٨٩
لینکی زەڕایەن لە ویکیپیدیا/
لەپەراوێزی گۆڕانکاری لە کتێبی زمان و ئەدەبی کوردی پۆلی دوازدەی ئامادەیی
دوای چەندین ساڵ داواکاری و سەرنج و ڕەخنەی مامۆستایانی زمانی کوردی، دواجار
بەڵام دەبێت ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێت لەژێر ڕۆشنایی ئەو سەرنجانە بێت کە مامۆستایان هەیانە، چونکە بەهۆی ئەوەی مامۆستایان بەریەکەوتنیان لەگەڵ بابەتەکاندا هەیە، باشتر دەزانن کەموکوڕییەکان لەکوێدان، ناکرێت کەسێک ڕۆژێک لەڕۆژان بابەتی پۆلی دوازدەی نەوتووەتەوە بێت دەستکاری پڕۆگرام بکات گوێی بە سەرنجی مامۆستایان نەدا.
ئەو گۆڕانکارییانەی دەکرێت دەبێت لەهەردوو بەشی ڕێزمان و ئەدەبدا بێت.
لەبەشی ڕێزمان هەوڵبدرێت بابەتەکان ڕێکبخرێتەوەو هەندیک بابەت ئاڵۆزی و ناڕۆشنی تێدایە چاکبکرێت.
بۆ نموونە بابەتی ڕێژەی کار پێویستە سەرلەنوێ ڕێکبخرێتەوە، چونکە ڕێژەی کار لەگەڵ ئەرکی جێناوی لکاو لەدەوری بکەر یەک شتە تەنیا ناوەکانیان جیاوازە.
هەروەها لەبابەتی چاوگی بووندا ئەو ناڕوونیەی هەیە ڕوونبکرێتەوە.
باشترە هەردوو بابەتی هاوەڵناو لەڕووی پێکهاتنەوە و هاوەڵکار لەڕووی پێکهاتنەوە لاببرێت دەکرێت ئەم دوو بابەتە بخرێتە پۆلی یازدە، دەکرێت لەباتی ئەوان دوو بابەتی گونجاوتر دابنرێت.
لەزۆربەی بابەتەکاندا نموونەکان ڕوون نییە بۆیە باشترە نموونەی گونجاو و ڕێزمانی دابنرێت.
ئەوەی پەیوەندی بە بەشی ئەدەبەوە هەیە دەبێت بابەتەکان کورت بکرێنەوە و هەوڵبدرێت سەرلەنوێ دابڕێژرێتەوە دەکرێت بابەتی نوێی بۆ زیادبکرێت.
لەزۆر شوێندا بابەتەکان تێکەڵکراون بۆنموونە لەبابەتی چیرۆک لەقۆناغی یەکەمدا لەگەڵ چیرۆکی گۆڤاری گەلاوێژ تێکەڵبوونێک هەیە ئەمەش بۆ خوێندکار ئاڵۆزە.
هەروەها لەبابەتی ڕەخنەی ئەدەبی کوردی زۆر درێژ دادڕی و دەربڕینی زیادی تێدایە بۆیە دەکرێت بەکورتکردنەوە و زیادکردنی بابەتی نوێ چاکبکرێت.
لەبابەتی ڕۆمان هەوڵبدرێت قۆناغێکی نوێی زیادبکرێت ئەویش قۆناغی دوای ساڵی 1990، چونکە لەم قۆناغەدا چەندین ڕۆمانی کوردی نووسران، دەتوانین ناوی بنێن قۆناغی زێڕینی ڕۆمانی کوردی.
وەزارەتی خوێندنی باڵا وەکو ناوەندێک بۆ نائومێدکردنی گەنج !!!
م.یونس سلێمان
بەداخەوە ئەوەی ئەمساڵ وەزارەتی بەناو خوێندنی باڵا لەبەرامبەر دەرچووانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی کردی لەهیچ شوێنێک نەکراوە، ئاخر وەرگرتنی خوێندکار چۆن بەبڕیاری نازانستی و نادادپەروەری دەکرێت. بەهەزران خوێندکاران بەهۆی بڕیارە هەڵەکانی خوێندنی باڵا نائومێد دەبێت پەشیمانە لەوەی کە ئەو هەموو ساڵە بۆ خوێندوویەتی.
ئەگەر دادگا و داواکاری گشتی لەم وڵاتەدا سەربەخۆن و لەخەمی گشتیدان دەبێت لەسەر ئەم زوڵمەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بەرامبەر خوێندکاران بێنە وەڵام هەرچی زووە وەزیر و کاربەدەستانی وەزارت دادگایی بکرێن، لەسەرئەوەی کە یاری بەچارەنووسی ئەو هەموو خوێندکارە دەکەن.
ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا کردی لەجیاوازی نێوان دەرچووانی خولی یەکەم و دووەم نادادپەوەری بوو ئەوەی خۆیان دەیانوت هاوسەنگی درووستدەکەین لەنێوان هەردوو خولەکەدا ڕاست نەبوو، بگرە جیاوازییەکی زۆریان درووستکردووە ئاخر هیچ مەعقول نییە جیاوازی لەنێوان خولی یەک و دوو بگاتە 15 نمرە بگرە لەوەش زیاتر.
ئامانجی پشت ئەم بڕیارەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ ئەوەیە خوێندکار ڕووبکاتە خوێندنی پارالێڵ و زانکۆ تایبەتەکان، چونکە لەئێستادا زانکۆ تایبەتەکان حاڵیان باش نییە بەهۆی کەمی خوێندکار ئەوەش هۆکاری ئەوەیە، کە زۆرینەی دەرچووانی پۆلی دوازدە کوڕ و کچی هەژاران، ناتوانن بە پارە بخوێنن.
پێویسته خوێندکاران بێدەنگ نەبن هەموو ڕێگا مەدەنییەکان بگرنەبەر بۆ گەڕانەوەی مافەکانیان، چونکە نابێت بە بڕیاری درۆ بڕوابکەن.
ئامارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەڕۆژی 30-9-2018
ئامارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەڕۆژی 30-9-2018
ئامادەكردن: یونس سلێمان ئەحمەد
بڕیارە ڕۆژی 30-9-2018 هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامبدرێتو بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی كوردستان ژمارەی دەنگدەران بریتییە لە (3085461) سێ ملیۆن و هەشتا و پێنج هەزارو چوارسەد و شەست و یەك دەنگدەرە.
لەو ژمارەیە (174148) سەد و حەفتا و چوار هەزار و سەد و چل و هەشت دەنگدەری تایبەتەو ژمارەی بنكەكانی دەنگدان پێكهاتووە لە (1260) هەزار و دووسەد و شەست بنكە لەسەرانسەری هەرێمی كوردستان.
هەر بەپێی ئامارەكان ژمارەی وێستگەی دەنگدان (5933) پێنج هەزار و نۆسەد و سی و سێ وێستگە لەسەرانسەری كوردستانو ژمارەی پاڵێوراو/ (773)، (532) پیاو، (241) ژن.
ژمارەی دەنگدەران بەپێی پارێزگاكان:
پارێزگای هەولێر
ژمارەی دەنگدەر: (1034864) یەك ملیۆن و سێیسەد و چل و هەشت هەزار و شەست و چوار دەنگدەرو ژمارەی وێستگەی دەنگدان/ ( 2137) دوو هەزار و سەد و سی و حەوت وێستگەیە.
پارێزگای سلێمانی
ژمارەی دەنگدەر: (1133655) یەك ملیۆن و سەد و سی و سێ هەزار و شەسەد و پەنجا و پێنجو ژمارەی وێستگەی دەنگدان/ ( 2304) دوو هەزار و سێسەد و چوار.
پارێزگای دهۆك
ژمارەی دەنگدەر/ (676859) شەسەد و حەفتا و شەش هەزار و هەشت سەد و پەنجاو نۆ دەنگدەرو ژمارەی وێستگەی دەنگدان/ (1360) هەزار و سێسەد و شەست وێستگەیە.
پارێزگای هەڵەبجە
ژمارەی دەنگدەر/ (65934) شەست و پێنج هەزار و نۆسەد و سی و چوار دەنگدەرو ژمارەی وێستگەی دەنگدان/ (132) سەد و سی و دوو وێستگەیە.