مەولاناى ڕۆمى
کەشتێک بەنێو ژیان و مەسنەوى و هەندێ لەبۆچوونە ڕۆحیەکانى
یونس سلێمان ئەحمەد
کتێبى مەولاناى ڕۆمى لەنووسین و ئامادەکردنى مامۆستا حسێن پێنجوێنیە، نووسەر هەوڵیداوە باسى ژیان و بەرهەمەکانى مەولانا بکات.
کتێبەکە لەچوار بەش پێکهاتووە، بەشى یەکەم تایبەتە بەژیانى مەولاناى ڕۆمى و بەشى دووەمیش گوزەرێکى کورتە لەجیهانی بیرى ڕۆمى.
بەشى سێیەم چەند داستانێکى هەڵبژێراوى مەسنەویە و بەشى چوارەمیش چەند پەندو ئامۆژگارییەکى هەڵبژاردەیە لەمەسنەوى
مەولاناى ڕۆمى کێیە؟
جەلالەددین محەمەد بەڵخی ھەروەھا ناسراو بە جەلالەددین محەمەد ڕۆمی (بە فارسی: جلالالدین محمد بلخی)، مەولانا یان مۆلانا (بەفارسی: مولانا، بەواتای مامۆستا یان گەورەی ئێمە)، مەولەوی یان مۆلەڤی (بەفارسی: مولوی، بەواتای مامۆستا یان گەورەی من) ھەروەھا لە تورکیا ناسراوە بە مەڤلانا (Mevlānā) و بەگشتی لەجیھانی ئینگلیزیدا بە ڕۆمی ناودەبرێت (٣٠ی ئەیلوولی ١٢٠٧ – ١٧ کانوونی یەکەمی ١٢٧٣) شاعیر و فەقێ و ئاییناس و سۆفییەکی فارس بوو لە سەدەی ١٣دا.
مەولانا لە گوندی وەخش کە دەکەوێتە شارۆچکەیەکی بچووک لە سەر ڕووباری وەخش لە وڵاتی فارس (ئێستای تاجیکستان). وەخش سەر بە پارێزگای بەلخ بوو وە لەو ساڵەی کە مەولانا تێیدا لەدایکبوو باوکی بە یەکێک لە زاناکانی ئەو شارە ناسرابوو. ھەروەھا ئەم دوو شارەش سەر بە کلتووری گەورەتری ئەو کاتەی فارسی خۆراسان بوون لە ڕۆژھەڵاتی وڵاتی فارس ھەروەھا بەشێک بوو لە دەوڵەتی خەوارزمی.
ھەردوو شوێنی لەدایکبوون و زمانی دایکی مەولانا ھەڵقوڵاوی میراتی فارسی بوون. گەورەترین کاریگەری لەسەر ڕۆمی جگە لە باوکی بریتی بوو لە هەردوو شاعیری فارس عەتتار و سەنائی.
ڕۆمی زۆربەی ژیانی لەژێر دەستەڵاتی سەلجوقی فەرمانڕەوای ڕۆم بەسەربردووە کە شوێنەکەی دەکەوێتە ناوچەی ئەنادۆڵ و هەر لێرەش زۆربەی بەرهەمەکانی نووسیوە و لە ژێر کاریگەری زمانی فارسیدا بووە. تا کۆتایی تەمەنی هەر لەوێ ماوەتەوە تا کاتی مردنی لە ساڵی ١٢٧٣ز. لە شاری کۆنیای تورکیا نێژراوە و ئێستا خەڵکێکی زۆر سەردانی گۆڕەکەی دەکەن. لە دوای مردنی کوڕەکەی سوڵتان وەلەد و شوێنکەوتووەکانی (تەریقەتی مەولەوییە)یەیان دامەزراند کە ناسراوە بە تەریقەتی ئەو دەروێشانەی کە بە دەوری خۆیاندا دەسوڕێنەوە کە ناسراوە بە سەمای سۆفییەکان.
فارس، تورک، ئەفغان، تاجیک و موسوڵمانانی تری ناوچەکانی ئاسیای ناوەڕاست ھاوشانی موسوڵمانانی باشووری ئاسیا فێرکارییە بەجێماوە ڕۆحییەکانی ئەو لەماوەی حەوت سەدەی ڕابڕدوو بەرز دەنرخێنن. گرنگیی ڕوومی پێدەچێت سنوورەکانی نەتەوە و ڕەگەزی شکاندبێت و چووبێتە ئەودیو ئەوانیشەوە. شیعرەکانی بەشێوەیەکی بەرفراوان بۆ چەندین زمانی دنیا وەرگێڕدراون و بۆ چەندین شێوازی جودا وەچەرخێنراون. لەساڵی ٢٠٠٧دا، بە بەناوبانگترین شاعیر وەسف کرا لە ئەمەریکادا.
کارەکانی ڕوومی بەفارسی نووسراونەتەوە و مەسنەوییەکانی ئەو یەکێکە لە پاراوترین شاکارەکانی ئەدەبی ئێرانی و یەکێکە لە کارە شانازییپێکراوەکانی زمانی فارسی. کارە ڕەسەنەکانی بەشێوەیەکی بەفراوان ئەخوێندرێتەوە بەزمانە ڕەسەنەکەی خۆی لە جیھانی زمانی فارسیدا (ئێران، تاجیکستان، ئەفغانستان و ھەندێک بەشی ناوەڕاستی ئاسیا-فارسی زمانەکان). وەرگێڕانی کارەکانی زۆر باوە لە وڵاتانی تردا. کارەکانی کاری کردۆتە سەر ئەدەبی فارسی، ئوردو، پەنجابی، تورکی و ھەندێکی تر لە زمانە ئێرانیی و تورکی و ھیندییەکان کە بە ئەلفبێی فارسی نووسراونەتەوە وەک پەشتۆ، تورکی عوسمانلی، چاتاگی و سیندی
دانراوەکانى مەولاناى ڕۆمى
١- مەسنەوى
مەسنەوی یان "مەسنەوی مەعنەوی" دیوانێکی شیعری مەولانا جەلالەددینی رۆمییە، دادەنرێت بەگرنگترین پەڕاوێک کە ڕۆمى دایناوە، ئەم کتێبە بۆ چەندین زمان وەرگێڕاوە.
مەسنەوی چاپی جۆراوجۆری نووسراوی ھەیە کە لە زۆربەی کتێبخانە نێودەوڵەتیەکاندا پارێزراون، ژمارەی دێڕەکانی نێو مەسنەوی ٢٥٦٦٨ دێرن، کە دابەشبوونەتە سەر ٦ بەرگ، ھەروەرھا ٤٢٤ی چیرۆکی تێدایە کە شیکەرەوەی مانای مرۆڤ و چۆنیەتی گەیشتن بە خۆشەویستی بەڕاست و ئەڤینی خودایین
مەسنەوی لەسەر داوا و بیرۆکەی حوسامەدین چەلەبی قوتابی کوردی مەولانا نوسراوە کە کاریگەرێکی زۆری ھەبووە لەسەر کەسایەتی مەولانای رۆمی. مەولانا شیعرەکانی لەبەرخۆیدا وتووە و حوسامەدینیش نوسیویەتی. ھۆکاری بیرۆکەکەی حوسامەدینیش بەھۆی ئەوەوە بووە کە موریدانی ڕۆمی تەنیا کتێبی "ئیلاھی نامە"ی سەنائی و کتێبی "مەنتقولتەیر"ی فەریدەدینی عەتار یان خوێندۆتەوە ئەویش پێشنیار بۆ مەولانا دەکات و دەڵێت با تۆش کتێبێکی لەو جۆرەت ھەبێت.
لەو کاتە مەولانا بزەیێک دەخاتە سەر لێوی و لە مێزەرەکەیەوە پارچەێک کاغەز دەردێنێت کە ١٨ دێڕی سەرەتای مەسنەوی تێدا نوسرا بووە و بەو دێڕە دەست پێدەکات: گوێ لە نەی بگرە چۆن باسی چیرۆکی خۆی دەکا/ چۆن باسی ئازاری فیراقی خۆی دەکا. لەو کاتەی حوسامەدین ئەمە دەخوێنێتەوە لە مەولانای سەرداری دەپارێتەوە کە زیاتر بنوسێت و مەولاناش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێـت: گەر تۆ بە نووسینی ڕازی بیت ئەوا منیش دەیڵێم. جا لەو کاتەوە مەولانا کە لە تەمەنی پەنجاکانی ژیانی بووە، دەست بە نووسینی مەسنەوی دەکات. مەولانا ھەمیشە شیعر لە زاریەوە دەھاتەدەرێ و حوسامەدینیش دەینووسینەوە لە ھەموو جێگاێک و شوێنێ، لە سوختەخانە لە مزگەوت و لە باخەکان و لە مەیدانەکان و ھتد. تەنانەت جاری وابووە حوسامەدین بەوە ڕانەگەشتووە کە مەولانا ھۆنیویەتیەوە لەسەریەک. بۆماوەی ٢ ساڵ بە ھۆی وەفاتی خێزانی حوسامەدینی چەلەبیەوە نووسینی مەسنەوی ڕاگیراوە و دواتر دووبارە دەست پێکرایەوە. مەولانای رۆمی لە کتێبی مەسنەویدا ئاماژە بەوەدەکات کە لەسەر پێشنیار و بیری حوسامەدین چەلەبی نوسراوەتەوە.:
٢- دیوانى گەورە (دیوانى شەمسى تەبرێزى)
ئەم دیوانە بۆیە بەگەورە ناونراوە، چونکە قەبارەکەى هەشت تا دە ئەوەندەى قەبارەى هەر دیوانێکى ئاسایی بووە، هەروەها لەبەرئەوەى زۆر وابەستبووە بە شەمسى تەبرێزیەوەو ئەو وابەست بوونەى بووەتە هۆى بۆهاتن و وتنى ئەو شیعرانەى، لەبەرئەوە ناوى (دیوانى شەمسى تەبرێزى)ى لێنراو.
ئەم دیوانە هزرى (خەیاڵ) دەوڵەمەند و بۆ هاتنەکانى ڕۆمى بووە، کە بەشێوەى شیعرى دەرى بڕیون و لەلایەن قوتابى و موریدەکانیەوە نووسراونەتەوە.
٣- پەڕاوى ( فیە ما فیە)
ئەم پەڕاوە پێکهاتووە لە وتەو گفتوگۆکانى ڕۆمى لەکۆڕ و دانیشتنەکانیدا لەگەڵ هاوڕێ و مورید و قوتابیەکانیدا.
(سوڵتان وەلەد) و هەندێک لەموریدو قوتابیەکانى لەدواى وەفاتى خۆیان کۆیان کردوەتەوە.
٤- پەڕاوى ( المکتوبات)
ئەم پەڕاوە عیبارەتە لە کۆمەڵێک لەو نامانەى ڕۆمى ڕەوانەى کردووە بۆ هەندێک کەس لە بۆنەکاندا و هەندێ هۆکارى جۆراوجۆردا، لەوانە ئەو نامانەى ناردوویەتى بۆ خزمان و جگەرگۆشە و موریدەکانى، هەروەها بەشێکى زۆریش لەو نامانەى ئەوانە بوون کە دەربارەى داواوپێویستى هەژاران و ئاتاجەکانى ناردبووى بۆ فەرمانڕەوایان و ئەمیر و کاربەدەستان.
٥- مەجالیسى سەبعە
ئەمە نامەیەى، کۆمەڵە لێدوانێکى ئاینى و ڕێپیشاندانى ئاسایین، لەوانەن کە مەلاکان لەبۆنە ئاینییە جۆراجۆررەکاندا دەیان خوێننەوە.
گوڵزاری مهولانا رۆمی
تۆ! ئەی گەشتیارەکە... بۆ کوێ خۆت ئامادە دەکەیت ؟ بەرەو کوێ؟ خەمگینیت لە دابڕان وەک خەمگینی ماسییە لە دابڕانی دەریا! بۆیە ، لێوە وشکەکانت ، دوڕی لێ هەڵدەوەرێت ! *** عاشق خودا، بە درێژای ساڵ سەر خۆش و ریسوای کردووە!
1
عیشق ئاوی حەیاتە بچۆرە نێوی! هەر دڵۆپێکی ئەم ئاوە. دەریای ژیانێکی سەربەخۆیە! *** ئەی دڵبەر ئێمە لە مەحەببەت ، نزیکی تۆین! لە هەر شوێنێک پێت دابنێی.. دەبتنە (خاک)ی تۆ! چۆن دەبێت لە مەزەبی عیشق دونیا بە تۆوە ببینین و ، خۆشت نەبینین؟
2
بۆ ماوەیەك چاولێکەرییم بۆ (خۆم) هەڵبژارد سەرقاڵ بووم بە خۆم کە من شایستەی ( خۆم ) نەبووم کاتێ لە ( خۆم ) دەرچەووم، ( خۆم ) دۆزیەوە ! *** ئیمرۆ بای شەماڵ ( بۆن )ی تۆی بۆ هێنام! منیش دڵی خۆم بە مزگێنیی پێشکەشی ( با ) کرد !
3
چیرۆکی مرۆڤ وای لێ کردم ببمە گەریدە و سەر هەڵبگرم ! بێشکۆ و ، بێئەقڵ و ، بێگیانی کردوم ! *** لە قوڵایت ، روح هەیە بە دوای ئەم رۆحەدا بگەرێ لە بەرزایی لاشەت گەوهەر هەیە بەدوای ئەم درەوشاوەیە بگەڕێ ئەی سۆفی رێبوار ئەگەر تۆ بەدوای دەگەڕێی ، لە دەرەوەی خۆت لێی مەگەرێ ، هەر لە خۆتەوە بۆی بگەرێ !
4
عیشق ! ڕێگە و ڕێبازی پەیامبەرانە ! ئێمە رۆڵەی ( عیشق )ین و ، عیشق دایکمانە ! *** مادەم لگەڵ تۆم من لە پێگەیشتن و هاوەڵییدا ، ناخەوم ! مادام دورم لە تۆ من لە دووریی و پشووی تۆدا ، ناخەوم ! پاک و بێگەردی بۆ خوا من هەر دوو شەوەکە بە خەبەرم سەیری جیاوازی نێوان جۆرکانی بێداریی دەکەم!
5
هەرچەندە ( مەعشووق ) لا ئاست ژانەکانمان ، بێ دەنگە ! وەلێ لەم بێ دەنگییەی سەد وەڵامی تێدایە وەڵام ! *** هەرکەسێک جوانی (دڵبەر) میحرابی بێت ئەو سەت جۆر لە نوێژ و ، ڕکووع و ، کڕنووشی هەیە !
6
من نەهاتومەتە ئەم دونیایە تەنێ بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی گەڕانەوە بۆ لای دڵبەر نەبێت، *** ڕووم وەکو ( خدر )ە و عیسقت ئاوی حەیات !
7
لە عیشقی هەقیقیی نە ( وەفا ) هەیە نە ( جەفا ) ! *** دادگەر بە (عیشق) كارێكی باشە ئەگەر نەنگییەك هەبێن ، بە هۆی ئاكارەوە یە تۆ شەهووەتت بە (عیشق) نێوزەد دەكەی لە شەوهوەتەوە بۆ عیشق رێگەیەكی درێژ هەیە !
8
وتم : هەندێك لەو (مەست ) بوونتم پێ نادەیت ؟ وتی : نا! نەیزانی كە ئوم (نا)یەی ، (مەست) بوونە ! *** ئەو زانستەی لە خوێندنگەكان فێری بوون شتێكە و ، (عیشق) یش شتێكی تر .
چیرۆکى ئەو شەوەی کە مەولانای رۆمی چوویە ناو مەیخانەیەکەوە
دەگێڕنەوە: جارێکیان مەولانای رۆمی، هاوڕێی خۆی شەمسی تەبریزی بانگهێشتی ماڵەکەی دەکات و خوانی بۆ ئامادە دەکرێت، شەمس کە چاوی بە خوانەکە دەکەوێت:
+: ئەی بۆ شەرابتان بۆ من ئامادە نەکردووە؟
- : مەگەر تۆ شەراب دەخۆیتەوە!؟
+: بەڵێ.
-: بەڵام من ئەمەم نەدەزانی!؟
+: باشە، ئێستا کە زانیت، شەرابم بۆ بانگ بکە.
-: بەڵام بە نیوە شەوە، شەراب لە کوێ بێنم؟!
+: بە یەکێک لە پیاوەکان بڵێ، بچێت و بۆم بهێنێت.
-: ئاخر بەم کارە لای نزیکەکانم ئابڕووم دەچێت!
+: کەواتە خۆت هەستە و بڕۆ و بۆم پەیدا بکە!
-: ئاخر لەم شارەدا هەموو من دەناسن، چۆن بچمە گەڕەکی مەسیحییەکان و شەراب بکڕم!؟
+: ئەگەر گرنگی بە من دەدەی، دەبێت ئامادەکاری بکەغ، من شەوان تا شەراب نەخۆمەوە ناتوانم نان بخۆم، و قسە بکەم و تەنانەت بە ئارامیش بخەوم!
مەولانای رۆمی لەبەر ئەوەی شەمسی تەبریزی زۆر خۆش دەویست، بە ناچاری، تورەکەیەکی هەڵگرت و شوشەیەکی لەگەڵ خۆی برد و بەرەو گەڕەکی مەسیحییەکان کەوتە ڕێ ! تا پێش ئەو کاتە کەس گرنگی بە هاتوچۆی مەولانا بۆ ئەو گەڕەکە نەدثدا، بەڵام ئەمجارە، هەر کە چوویە ناو گەڕەکەوە، خەڵکی بە سەرسوڕمانییەوە دەستیان کرد بە چاودێریکردنی. بینیان کە مەولانا چوویە ناو مەیخانەیەکەوە و شوشەیەک پڕ کرد و لە ناو تورەکەکەدا شاردییەوە و بەرەو ماڵ گەڕایەوە.
هێشتا لە گەڕەکی مەسیحییەکان دوور نەکەوتبوویەوە، کە ژمارەیەک لە مسوڵمانەکانی ئەو دەورەبەرە دوای کەوتن، بەردەوامیش ژمارەیان زیاد دەبوو، تا ئەوەی گەشتە بەردەم مزگەوتەکەی خۆی ، کە خۆی پێشنوێژی و وتار خوێنی بۆ مسوڵمانان دەکرد، لەم کاتەدا، یەکێک لەو کەسانەی دوای کەوتبوو، چوویە ناو کۆمەڵە مسوڵمانەکەوە و هاواری کرد: "هۆ خەڵکینە، شێخ جەلالەدین کە هەموو رۆژێ بۆ نوێژ لە خزمەتیدا دەبین، چوویە گەڕەکی مەسیحییەکان و شەرابی کڕی"
پیاوەکە لەو کاتەدا توڕەکەکەی لە دەستی مەولەوی رفاند و خەڵکەکە شوشە شەرابەکەیان بینی، ئەوانیش دەستیان کرد بە سەرکۆنەکردنی: "ئەم مونافیقە کە بانگەوازی زوهد و تەقوای دەکرد وا ئێستا شەرابی کڕیوە و بۆ ماڵەوەی دەباتەوە"
هەندێکیان قسەی خراپیشیان پێ وت ، هەتا تەواو لێی نزیکبوونەوە و مێزەرەکەی کەوتە خوارەوە، خەڵکەکە کاتێک دەیانبینی مەولانا بێدەنگ و هیچ هەڵوێستێکی نیە یەقینیان لا دروست بوو کە مەولانا تەمەنێکە ئەوان هەڵدەخەڵەتێنێ و بە ناوی تەقواوە ئەوانی فریو داوە و بڕیاریاندا کە هێرش بکەنە سەری و تا ئەوەی کۆتایی بە ژیانی بهێنن.
لەو کاتەدا شەمسی تەبریزی لە دوورەوە هاواری کرد: "هۆ خەڵکی بێ ئابڕوو، شەرم ناکەن وا لە پیاوێکی لە خوا ترس دەکەن و تۆمەتی شەرابخواردنەوە بۆ هەڵدەبەستن، ئەو شوشەیەی ئێوە دەیبینن شەراب نیە، بەڵکو سرکەیە، چونکە رۆژانە لەگەڵ خواردنی خۆیدا تێکەڵی دەکات"
ئەو کابرایەی چاودێری مەولانای کردبوو: " نەخێر سرکە نییە و شەرابە"
شەمس شوشەکەی کردەوە و سرکەکەی کردە ناو دەستی ئەو کەسانەی لەوێ وەستابوون ، بۆ هەموویان دەرکەوت کە شەراب نەبووە و سرکە بووە!
چاودێرەکەش هاواری کرد و کێشای بە سەری خۆیدا و خۆی خستە بەر پێی مەولانا و خەڵکەکەش هەموو دەستیان کرد بە ماچکردنی دەستی و داوای لێبوردن.
مەولانا رووی کردە شەمسی تەبریزی و پێی وت: بۆچی ئەمشەو وات لێکردم، تووشی چی رووداوێکت کردم، کە ناچارت کردم وا ئابرووی خۆم ببەم!؟
شەمس وەڵامی دایەوە: بۆ ئەوەی کە بزانی ئەوەی کە پێوەی دەنازی، تەنها سەرابێک زیاتر هیچ نییە، تۆ وات دەزانی خەڵک زۆریان خۆش دەوێی و ئیحترامت دەگرن، وات هەست دەکرد، ئیحترامی خەڵک سەرمایەیەکی گەورەیە بۆت، بەڵام بینیت، کە تەنها بە گومانی شوشەیەک شەراب خەڵک چییان لێکردنی و نەفرەتیان لێکردی، باش بوو تۆشیان نەکوشت، ئەمە سەرمایەکەی تۆ بوو کە پێتەوە دەنازی !؟ کەواتە بزانە کە دەبێ پشت بە شتێ ببەستی کە بە تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی بارودۆخی ژیان لە ناو نەچێت!
بۆ ئەم بابەتە جگە لەکتێبى ناوبراو سوودم لە ماڵپەڕى ویکیپیدیا وەرگیراوە.
دەتوانن لەڕێگاى ئەم لینکەوە چەنین کتێبى مەولانا بەکوردى دابگرن:
http://www.justbooks-jb.org/blog/kteb/20160309-005/كتێبهكانی-مهولانای-ڕۆمی