ڕۆمانى حیکمەتى پیران
ڕۆمانێک بەناو دنیاى عیرافانیدا
ڕۆمانى حیکمەتى پیران لەنووسینى ( عەبدولکەریم
فەتاح)ە لەدووتوێی 358 لاپەڕەدا ئاشنامان دەکات بەزۆر لە نهێنیەکانى دنیاى عیرافانیەت.
چیرۆکى ڕۆمانەکە لەوە دەستپێدەکات کە ژن
و پیاوێک بەناوى مەنسور و مەعسومە دواى دوازدە ساڵ منداڵێکیان دەبێت ناوى دەنێن موهتەدا
ئەو منداڵەش هەر لەسەرەتاى تەمەنیەوە بەهرەیەکى زۆرى تێدا دەردەکەوێت لەلاى مەلاى گەورە
لەمزگەوت دەستدەکات بەخوێندن هەر زوو دەبێتە جێگاى سەرنجى مامۆستاکەى.
سەرەڕاى ئەوەى لەپۆلى دوازدەى زانستى نمرەیەکى
بەرز بەدەستدەهێنێت دەتوانێت بچێتە کۆلێژى پزیشکى، بەڵام ناویراو دەچێتە کۆلێژى زانست
بەشى فیزیا دواى تەواوکردنى زانکۆ دەبێتە مامۆستاى فیزیا وانەکەى دەکاتە یەکێک لەوانە
زۆر خۆشەکان لەلای خوێندکاران.
موهتەدا هەموو ڕۆژێک بۆ ماوەیەک لەو مزگەوتى
گەورە دەچێتە سەرەوەى منارەکە لەوێ بەتەنهایی دەمایەوە و لەناو دنیاى عیرفانیدا خۆى
ون دەکرد.
لەسەر داواى دایک و باوکى موهتەدا کچى ناسراوێکیان
دەخوازێت ئەو کچە ناوى مریەم دەبێت ژیانێکى خۆشیان دەبێت پاش چەند ساڵێک منداڵێکیان
دەبێت ناوى دەنێن مەروان بەناوى باوە گەورەى.
موهتەدا بەهۆى قوڵبوونەوەى لەناو دنیاى
عیرافانیەت ڕۆژێک لەکاتى وتنەوەى وانەدا لەپۆلدا بەهۆى تیشکى چاوى کچە خوێندکارێک بەناوى
میهرى تووشى ڕووداوێکى سەیر دەبێت بەهۆیەوە ماوەى حەوت ساڵ شێت دەبێت لەناو کوڵان و
شەقامەکاندا منداڵان گاڵتەى پێدەکەن.
(( حەوت ساڵ شێتێتى موهتەداى لەزانایەکەوە گۆڕى بۆ
کەسێک منداڵانى شار یارییان پێدەکرد و بەردیان لێ دەدا، لەو ساڵانەدا مەنورى عەتار
کۆچى دوایکرد و مەریەمیش بەمنداڵەکەیەوە بۆ ماڵى بابى گەڕایەوە، پاش حەوت ساڵ لەشێتێتى
هاوسەنگى بۆ ئەقڵى موهتەدا گەڕایەوە و بوویەوە بەمرۆڤێکى ئاسایی، بەڵام مرۆڤێک کە هەموو
شتێکى لە دەستدابوو: باب، ژن، منداڵ، مامۆستایی، ناوبانگ، تەنانەت میهرى خوێندکاریش.
موهتەدا شارى بەجێهێڵا و لەگەڵ دایکى ڕووى
لە لادێیەک کرد و پاش دە ساڵ ژیان لەو ڵادێیەدا مەعسومەى دایکى کۆى دوایی کرد، موهتەدا
لەدواى مردنى دایکى کەمتر بۆ ئاوەدانى دەگەڕایەوەو ژیانى تەنهایی ناو ئەشکەوتى لا پەسەند
بوو ...
مەریەمى ژنى موهتەدا لەسەردەمى شێتێتى موهتەدا
مێردى کردەوە، بەڵام وەک ئافرەتێکى مەرد مەروانى تاقە کوڕى بە باشترین شێوە پەروەردە
کرد، ماڵى بۆ پێکەوەنا و لەتەمەنى هەژدە ساڵیدا ژنى بۆ هێنا، خودا واى کرد مەریەم لەهاوسەرى
دووەمى منداڵى نەبێت، بەچەند مانگێک دواى ژنهێنانى
مەروانى تازە لاو مەریەم کۆژى دوایکرد، پێشتریش نازدارى دایکى و عەبدوڵاى بابى بەخەمى
مەریەم و موهتەداوە کۆچی دواییان کرد بوو))
هاوسەرەکەى مەروان ناوى ژیان بوو، دواى
ساڵێک لە هاوسەرگیرى ژنەکەى دووگیان بوو، هێشتا منداڵەەکەى نەبوو بوو مەروانى هاوسەرى
بەبۆمبی فڕۆکە گیانى لەدەستدا، دواى شەش مانگ لەمردنى مێردەکەى کاتى منداڵبوونى ئافرەتەکە
هاتە پێشەوە، لەبەر ترسناکى حاڵەتى منداڵبوونەکەى فڕێنرایە خەستەخانەى پارێزگا، لەشەوێکى
ساردى زستاندا لەگەڵ سێ ئافرەتى تردا و لەیەک کاتدا منداڵەکانیان لێ بوویەوە، منداڵەکەى
ژیان کوڕ بوو، سستەر و پزیشکەکان منداڵەکەى (ژیان) یان لێ گۆڕا و دایان بەئافرەتێکى
تر بەناوى تابان
...
ژیان لەگەڵ منداڵى ئافرەتێکى تردا گەڕایەوەو
منداڵەکەى ئەویش لەباوەشى تابان نراو هەردوو زۆر بەخۆشحاڵییەوە بۆ ناو خانەوادەى خۆیان
گەڕانەوە، تابان منداڵەکەى ناو نا ڕازۆ
....
پاش هەشت ساڵ لەمنداڵبوونەکەى (تابان)ى
بەناو دایکى ڕازۆ کۆچى دوایکرد و ڕازۆى بەجێ هێڵا ...
خەسووى تابان ناوى فاتیمەخان ئافرەتێکى
میهرەبان بوو، وەک کوڕەزاى خۆی باوەشى میهرى بۆ ڕازۆ کردەوە و پەروەردەى کرد، ئەو نەیدەزانى
داپیرەى ڕاستەقینەى ڕازۆ نییە و ڕازۆى بەناوى کوڕەزا منداڵى کەسێکى ترە ...
ڕازۆ گەورەبوو ناردیانە بەر خوێندن و قوتابییەکى
زیرەک بوو، ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕێکانیدا بۆ سەیران ڕوویان لەچیایەک کرد، ڕازۆ هاوڕێکانى
بەجێهێڵا و لێیان دوور کەوتەوە، پاشان لەسەر چیاکە دابەزى و ڕووى لەشکەوتێک کرد، لەشکەوتەکەدا
ڕێی کەوت لەپیرەمێردێک بەناوى مەولانا کە دەکاتە موهتەدا باپیرى ڕازۆیە.
دواى دۆزینەوەى مەولانا لەشکەوتەکەدا چەندجارێکى
تر ڕازۆ سەردانى کردەوەو تا لەیەکێک لەسەردانەکاندا لەناو گوندەکەدا قەرەباڵخیەکى زۆرى
بینى کاتێک لێ نزیک بوویەوە دەزانیت تەرمى دوو کەسە یەکێک لەوانە مەولانایە کە کۆچى
دوایکردووەو ئەمەش ڕازۆى نیگەران کرد پیاوێکى پیر ڕاسپاردەیەکىدا بە ڕازۆ کە نامەکى
تێدا بوو هەموو زانیارییەکانى بۆ ڕازۆ ئاشکرا کردبوو.
ڕازۆ کچێکى خاڵى هەبوو بەناوى لاڤە بووە
جێگاى سەرنجى دواى چەندین سەردانى ماڵى یەکتر داپیرەو خاڵى بڕیار دەدەن کە ئەم
دوانە بۆ هاوسەرگیرى زۆر گونجاون.
لەیەکێک لەگفتوگۆکانى نێوان ڕازۆ و لاڤە،
ڕازۆ پرسیار لى لاڤە دەکات دەڵێت ( لاڤە تۆ خۆت چۆن لەژیان گەیشتووى؟
لاڤەش بەمجۆرە وەڵام دەداتەوە:
(( لاى من ژیان ماندبوون و کۆشانێکە دەبێ
ڕووبەڕووى ببینەوە، عیشقێکە دەبێت بەباڵایدا سەربکەوین، سەفەرێکە دەبێ خۆمانى بۆ
ئامادەبکەین، دایکێکە دەبێ بەحورمەتەوە سەیرى بکەین، وەک تۆ دەڵێی ئاوێکى ڕەوانە
پێویستە لەتینوێتىدا بینى لێ بگرین، کەشتیەکە سوارمان دەکا و لەبەندەر و دورگە
جیاجیاکاندا دامان دەبەزێنێ، ئاوێنەیەکە دەبێ حەقیقەتى شاراوەى خۆمانى تیا نمایش
بکەین، پەلکە زێڕینەکەیە بەدوایدا ڕادەکەین و پێی ناگەین، مانگە شەوێکە پەڵە هەورە
چڵکنەکان ناو بە ناو لێمان تاریک دەکەن)) لا ٢٩٣-٢٩٤
::: ڕۆمانى حیکمەتى پیران، عەبدولکەریم
فەتاح، چاپى یەکەم، ٢٠١٠، چاپخانەى چوارچرا، سلێمانى
ئەم ڕۆمانەم لەڕۆژانى 6 تا 8 - 9-2016 خوێندەوە.
