ڕۆمانى چل ڕێساکەى عەشق
ئەم ڕۆمانە لەنووسینى ئەلیف شەفەق لەلایەن جەلیل کاکەوەیس بۆسەر زمانى کوردى وەرگێڕاوە
ڕۆمانەکە باسی ژیانی عاریفى گەورە مەولانای ڕۆمی دەکات، هەروەها پەیوەندی نێوان مەولانا و شەمسی تەورێزی کە چۆن شەمس کاتێک دەگات بە مەولانا دەیگۆڕێت بە شاعیرێکی گەورە.
هەر لەڕۆمانەکەدا چل ڕێساکەی شەمسی تێدایە، کە تایبەتە بە عەشق
چیرۆکی ڕۆمانەکە لەوکاتەوە دەستپێدەکات کە ژنێک بەناوی ئێلا دەرچووی بەشی ئەدەبیاتی ئینگلیزی لەلایەن دەزگایەکی بڵاوکردنەوە ڕۆمانێکی پێدەدەن تا ڕاپۆرتێکی لەسەر بنووسێت ڕۆمانەکە ناوی کفری شیرین نووسەرەکەی ناوی عەزیزە
دوای ئەوەی ئێلا دەستدەکات بەخوێندنەوەى ڕۆمانەکە ئاشناى مەلاناى ڕۆمى و شەمسى تەورێزى دەبێت، هەروەها ئێلا بەڕێگاى نامەى ئەلیکترۆنى پەیوەندى دەکات بەنووسەرى ڕۆمانەکە کە ناوى عەزیز لێرەوە ڕۆژ دواى ڕۆژ پەیوەندى لەگەڵ عەزیز زیاتر دەبێت.
ئێلا جگە لەهاوسەرەکەى کە ناوى دەیڤید خاوەنى سێ منداڵە کچە گەورەکەی ناوى جانێت پەیوەندى خۆشەویستى لەگەڵ کوڕێک بەناوى سکۆفید بڕیار دەدەن هاوسەرگیرى بکەن، بەڵام ئێلا دژیەتى دەڵێت تەمەنت گونجاو نییە، ئەمەش نیگەرانى جانێت لێدەکەوێتەوە، دواى ماوەیەک پەیوەندى نێوان جانێت و سکۆفید تێکدەچێت ئەوەش بەهۆى ئەوەى کە جانێت دەزانێت سکۆفید لەگەڵ کچێکى تردا پەیوەندى هەیە.
ئێلا دەیزانى کە دەیڤید هاوسەرى لەدەرەوە چەندین پەیوەندى لەگەڵ کچانى تردا هەیە واتە خیانەتى لێدەکات.
ئێلا دواى خوێندنەوەى ڕۆمانى کفرى شیرین زیاتر هۆگرى عەزیز بوو تا واى لێهات ئێلا وێنەى خۆى نارد بۆى لەبەرامبەریشدا عەزیز وێنەى خۆى بۆ نارد لێرەوە ئیتر ئێلا عەزیزى وەکو خۆشەویستیەکى بێ هاوتا دەبینی تامەزرۆیی ئەوە بوو کە بتوانیت لەنزیکەوە بیبینێت، سەرئەنجام عەزیز نامەیەکى بەمۆبایلەکەى بۆ ئێلا نارد پێ وت کە دێت بۆ شارى بۆستن لەئەمەریکا ئەمەش ڕووداوێکى گرنگى لەژیانى ئێلا دروستکرد.
پاش ئەوەى عەزیز دەگاتە ئەمەریکا ئێلاش خۆى دەگەیەنێتە ئەو هۆتێلەى کە تێدایە، عەزیز بە ئێلا ڕاگەیاند کە نەخۆشیەکى ترسناکى هەیە پزیشکەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە ماوەیەکى کەم دەژى، نەخۆشیەکەى عەزیز شێرپەنجە بوو بۆیە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ شارى قۆنیا ئەمەش ئێلاى خستە بەردەم بڕیاردانێکى قورس ئایا لەگەڵ عەزیزدا بڕوات یان لاى خێزانەکەى بمێنێتەوە.
دواجار ئێلا بڕیاریدا لەگەڵ عەزیزدا بڕوات بۆشارى قۆنیا، داوى بیست و دوو ساڵ لەهاوسەرگیرى دەیڤید و سێ منداڵەکەى لەپێناو خۆشەویستى بۆ عەزیز جێبهێڵێت.
لەقۆنیا عەزیز نەخۆشیەکەى توند دەبێت دەبرێتە نەخۆشخانە هەر لەوێ گیان لەدەستدادت و ئێلا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکى ترى عەزیز لە نزیک گۆڕى مەلانا بەخاکى دەسپێرن.
بەشی هەرە زۆرى ڕۆمانەکە تایبەتە بە ژیانى مەولانا و شەمسى تەورێزى، ڕۆماننووس زۆر بەجوانى باسى چیرۆکى بەیەکگەیشتنى مەولانا و شەمسمان بۆدەکات خوێنەر کاتێک دیڕەکانى ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە وا هەستدەکات لەو سەردەمەدایە.
گەیشتنى شەمس بەشارى قۆنیا گوڕانکارییەکى گەورە لەژیانى مەولانا دروستدەکات، بەجۆرێک مەولاناى ڕۆمى لە وتاربێژێکەوە دەگۆڕێت بۆ عارف و شاعیرێکى گەورە .
لەڕۆمانەکەدا جگە لە کەسایەتى مەولانا و شەمس چەند کەسایەتیەکى تر هەن لەوانە کیلا هاوسەرى ڕۆمى کە کریستیان بووە، وەلەبەگ و عەلادین دوو کوڕەکەى مەولانا و کیمیا کە دەبێتە هاوسەری شەمس، بەڵام هەر بەپاکیزەیی دەمێنێتەوە، گوڵى بیابان (ئافرەتێکى لەشفرۆشە بەڵام دواى لەسەر دەستى شەمسى تەورێزى واز لە کارى لەشفرۆشى دەهێنێت و دەستدەکاتەوە بەژیانێکى نوێ.
ڕۆماننووس ڕۆمانەکە بەش بەش کردووەو بەپێی کات و شوێنى جیاواز کارکتەرەکانى قسەدەکەن، ئەمەش ئاسانکارییەکى باشى بۆ خوێنەر کردووە.
لەبارەى ئەم ڕۆمانەوە نووسەر و ڕەخنەگر حەمەسەعید حەسەن لەنووسینێکدا دەڵێت
(( ڕۆمانی چل ڕێسای عیشق لە پێنج بەشی سەرەکی پێک دێت: خۆڵ، ئاو، هەوا، ئاگر و عەدەم. هەر یەکێک لە بەشەکانیش کە لە دەنگی چەندان گێڕەرەوە پێک دێت، بە حەرفی (بێ) دەست پێ دەکات و (ب)یش وەک سۆفییەکان دەڵێن، بە شێوەکەیدا دیارە، کڕنووشی بۆ خوا بردووە. قورئان بە بەسمەلە دەست پێ دەکات و دەستپێکی بەسمەلەیش حەرفی (بێ)یە کە دووەم حەرفی ئەلفوبێیە. لە (بسم)ی بەسمەلەدا، ئەلف کە ڕەمزە بۆ خوای تاک و تەنیا، لەناو (بێ)دا تا ئاستی توانەوە یەکی گرتووە، ئەوە بۆیە ئەلفی (بإسم) نە دەگوترێت و نە دەبینرێت.
هەر یەکێک لە چل ڕێساکەی عیشق، هەڵگری پەیامی ئازادییە، ئاخر کۆیلایەتی و ملکەچی، هیچ لەگەڵ عیشقدا کۆیان ناکاتەوە. لە عیشقدا شتێک نییە ناوی مەرج بێت، سۆفی بەو مەرجە خوای خۆش ناوێت کە ڕۆژی پەسڵان دەرگای بەهەشتی بە ڕوودا بکرێتەوە. ڕێساکانی عیشق کە لە نێوان عەقڵ و دڵدا، یان فیکر و ئەویندا هاتوچۆیانە، هەرچەندە پشتیان نەکردووەتە عەقڵ و فیکر، بەڵام سەر بە دڵ و ئەوینن. (ڕەنگە پتەوترین قەناعەتمان، زادەی بەدحاڵیبوون بێت.) سۆفی ئەوە دەزانێت، بۆیە ڕقی لە کەس نابێتەوە
چل ڕێساکەی عیشق، چونکە ڕۆمانێکە لەناو ڕۆمانێکدا، بە دوو باڵ دەفڕێت، ئاخر ئەلیف شەفەق هاوزەمان دوو چیرۆکمان بۆ دەگێڕێتەوە، یەکێکیان هەشت ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە و ئەوەی تریان هەشت سەدە پێش هەنووکە. یەکێکیان باسی ژیانی ڕۆژانەی لە یەکچووی ژن و پیاوێک دەکات کە دوای بیست ساڵێک لە ژنومێردایەتی و خستنەوەی سێ منداڵ، خۆری خۆشەویستیی نێوانیان ئاوا دەبێت و ئەوەی تریان دۆستایەتیی ڕۆحیی نێوان شەمسەددینی تەورێزی و جەلالەددینی ڕوومی بەسەر دەکاتەوە
دووان لە کارەکتەرە سەرەکییەکانی چل ڕێساکەی عیشق، گۆڕانی ڕیشەیییان بەسەردا دێت، ژنەی لە ژیانی ژنومێردایەتی بێزار، لەژێر هەژموونی ئەوینی ڕۆماننووسێکی سۆفیدا، دەبێتە عاشقێکی شێت، لەوانەی لەپێناوی خۆشەویستیدا، قوربانی بە هەموو شتێک دەدەن، بە ماڵ و مێرد و منداڵیشەوە. ئەوی تریشیان کە مەولانایە، بە کاریگەریەتی شەمسی تەورێزی، لە گوتاربێژی مزگەوتەوە، دەبێتە مەزنترین شاعیری سۆفی))
پەیامى سەرەکى ڕۆمانەکە ئەوەمان پێدەڵێت کە عەشق ئەوەندە گەورەیە دەتوانیت گۆڕانکارى گەورە لەژیانى مرۆڤدا دروستبکات، ئێلا لەبەر عەشقى عەزیز وازى لەهەموو شتێکى خۆى هێنا و مەولاناش لەبەر شەمس بووە شاعیرێکى گەورە.
ڕێساى یەکەم دەڵێت ((ئەو شێوەیەی خوای پێ دەبینین، ڕەنگدانەوەی هەمان ئەو شێوەیەیە خۆمانی پێ دەبینین، ئەگەر پێمان وابێت، خوا لە ترس و سەرزەنشت بەولاوە، هیچی دیکەی بۆ ئێمە پێ نییە، ئەوە بەو مانایەیە، دڵمان سەرچاوەی ترس و سەرزەنشتە، بەڵام ئەگەر خوامان وەک کانگای بەزەیی و خۆشەویستی بینی، ئەوە خۆیشمان وەهاین))
رێساى چل دەڵێت ((ژیان بەبێ عیشق، هیچ بەهایەکی نییە، لە خۆت مەپرسە کام جۆری عیشق دەخوازیت، ڕۆحی، یان ماددی؟ خوایی یان دونیایی؟ خۆرئاوایی یان خۆرهەڵاتی؟ ئاخر دابەشبوونەوەکان، لە غەیری دابەشبوونی دیکە، هیچی دیکەیان لێ ناکەوێتەوە. عیشق نە چەند ناوێکی هەیە، نە هەندێک نیشانە و نە کۆمەڵێک پێناسە. عیشق پاکژ و ساکارە. عیشق ئاوی ژیانە و ئەوینداریش ڕۆحێکە لە ئاگر، گەردوون جۆرێکی دیکە خۆی دەنوێنێت، کە ئاگر شەیدای ئاو دەبێت))
