ئەمەریکاى
سەردەمى ترەمپ
هەر
ئەو کاتەى دۆناڵد ترەمپ بڕیاریدا خۆى بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى ئەمەریکا
کاندیدبکات، مشتومڕێکى زۆر بەدواى خۆیدا هێنا بووە جێگاى سەرنجى زۆر ناوەند و
کەسایەتى ئەکادیمى.
زۆر
کەس پێناوابوو کە ترەمپ هی ئەوە نییە کە خۆى بخانە ناو کێبڕکێی هەڵبژادنەکانەوە
بۆمەش بەڵگەى ئەوەیان دەهێنایەوە، کە ترەمپ خاوەنى باگراوەندێکى سیاسى نییە تەنیا
لەکاروبارى بازرگانى و میدیایی کارى کردووە.
ترەمپ
هیچ گوێی بەو قسانەى بەرامبەرى دەکرا نەداو سووربوو لەسەر چوونە ناو گەمەى
هەڵبژاردنەوەو توانى لەناو پارتى کۆمارى پێش زۆر کەسایەتى ناوداربداتەوەو بێتە
کاندیدى کۆمارییەکان لەهەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى ئەمەریکا بێتە ڕکابەرى هیلارى
کلینتۆن.
لەکاتى
بانگەشەى هەڵبژاردنەکاندا ترەمپ زۆر بەڵێنیدا بە هاوڵاتیانى ئەمەریکا، بەشێکى زۆرى
بەڵینەکانى تایبەت بوو بە ناوخۆى ئەمەریکا لەسەروو هەموویانەوە قەدەغەکردنى هاتنە
ناوەوەى هاوڵاتیانى موسوڵمان بوو
هەر
ئەوکات ئەم بەڵێنەی ترەمپ ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر لەناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکا
بوویەوە، بەڵام بێ گوێدانە ئەو ڕەخنانە و کاریگەرییەکانی دوای هەفتەیەک
لەدەستبەکاربوونی وەکو سەرۆک ترەمپ دەستیکرد بەجێبەجێکردنی بەڵێنەکانی لەیەکێک
لەبڕیارەکانیدا هاتنەناوەوەی هاوڵاتی حەوت وڵاتی ئیسلامی بۆ ناو ئەمەریکا بۆ ماوەی
سێ ڕاگرت.
ئەم
بڕیارە کاردانەوەییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا لەچەندین شاری ئەمەریکا هاوڵاتیانی
ئەو وڵاتە دژی ئەم بڕیارە خۆپێشاندانیان ئەنجامداو داوای ڕاگرتنیان کرد، چونکە
ئەوان پێیانوایە کە ئەمەریکا وڵاتی هەمووانەوە ناکرێت بەهیچ بیانوویەک ڕێگری لە
ئازادی و مافی کەس بگیرێت.
ڕەنگە
ئەم بڕیارانەی سەرەتای سەرۆکایەتی ترەمپ پەیوەندی بەوە هەبێت کە لەکاتی بانگەشەی
هەڵبژاردنەکاندا بەڵێنی زۆریداوەو دەبێت پابەندبێت بەو بەڵێنانەوە گوشاری زۆری
لەسەربێت، یان بۆ ئەوە بێت کە ترەمپ بیسەلمێنێت کە ئەم جیاوازەو دەیەوێت قۆناغێکی
تازە لەسیاسەتی ئەمەریکا پەیڕەوبکات، ئەم دوو خاڵە هەرکامیان بێت ئەوا ڕاستیەک
هەیە کە بەگۆڕینی سەرۆک لەئەمەریکا سیاسەتی ئەو وڵاتەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە
دەگۆڕێت.
ڕەنگە
هێشتا زووبێت کە هەڵسەنگاندن بۆ سەرۆکایەتی ترەمپ بکرێت دەبێت چاوەڕێ بکەین
بەلایەنی کەمەوە سەد ڕۆژ لەسەرۆکایەتیەکەی تێپەڕبێت تا بزانرێت ئایا ترەمپ ئەو
کەسەیە کە بتوانێت سەرکردایەتی گەورەترین وڵاتی جیهان لەقۆناغێکی پڕ لە ململانێی و
ئاڵۆزی سیاسی و ئابووری بکات.
ئەوەی
زۆر گرنگە و دەبێت فۆکەسی بخرێتەسەر داهاتووی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی
و عێراق و سوریا بەتایبەتیە لەسەردەمی ترەمپدا، چونکە سیاسەتی هەشت ساڵی حوکمڕانی
ئۆباما سەرکەوتوونەبوو لەچارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و سوریا و یەمەن و فەلەستین،
بگرە بەهۆی سیاسەتەکانی ئەمەریکا زۆر ڕووداو ڕوویاندا، کە پیچەوانەی
بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکابوو بۆ نموونە لەسوریا هاتنە ناوەوەی ڕووسیا بووەهۆی
هێشتنەوەی ئەسەد لەدەسەڵات و بەهێزبوونی پێگەی ڕووسیا بەجۆرێک
لەدوای ڕووخانی یەکێتی سۆڤیتەوە پێگەی ڕووسیا لە ئەوەنده بەهێز نەبووە، ئەمەش
بەڕای چاودێران بۆ لاوازی پێگەی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە.
هەروەها
لەعێراقدا دوای ئەو هەموو قوربانی و تێچووی شەڕی ئازادکردنی عێراق لەژێر دەسەڵاتی
ڕژێمی پێشووی بەعس، ئەمەریکا ڕۆژ دوای ڕۆژ پێگەی لاوازتر دەبێت لەبەرانبەردا پێگەی
ئێران تا دێت بەهێزتربێت.
تا
ئێستا کارانامەی ترەمپ بۆ کێشەکانی عێراق و سوریا ڕوون نییە، تەنیا دەتوانین
بەخوێندنەوەی وتارەکانی ترەمپ لەدوای دەستبەکاربوونی ئاماژە بەوەبکەین کە سیاسەتی
ئەمەریکا گۆڕانکاری گەورەی بەسەردادێت ڕەنگە ئەو گۆڕانکارییە زۆر هاوکێشەی نوێی
بەدوای خۆیدا بهێنێت.
ترەمپ
لە وتارێکدا ڕایگەیاندبوو کە دەبێت ناوچەی ئارام لە سوریا دروستبکرێت ئەمەش
دەبێتەهۆی هاتنەئارای هەموو ئەگەرێکی سیاسی نوێ پەیوەست بە بارودۆخی سوریا.
ئەوەی
پەیوەندی بە داهاتووی کورد لە سەردەمی ترەمپ هەیە نازانرێت ئایا ئیدارەی نوێی
ئەمەریکا وەکو دۆست تەماشای کورد دەکات یان وەکو کارتێکی فشار کە هەرکات ویستی
لەبەرانبەر نەیارەکانی بەکاری بهێنێت.
بۆیە
دەبێت چاوەڕوانی ئەمەریکا بین لەسەردەمی ترەمپدا.
:: ئەم وتارە لەڕۆژى 29-1-2017 لەماڵپەڕى NRT بڵاوکراویەوە.
