ڕۆمانى نامە بۆ کچەکەم لەنووسینى (تیۆدۆر کالیفاتیدێس) دلاوەر قەرەداغى لەسویدیەوە بەشێوەیەکى زۆر جوان وەری گێڕاوە بۆسەر زمانى کوردى. ڕۆمانەکە باس لە کەسێک دەکات بەناوى ( پابلیۆس ئۆڤیدیۆس ناسۆ)، کە بە ناسۆى شاعیر ناسراوە لەشارى ڕۆما دەژى، بەهۆى خۆشەویستى کچێکەوە بەناوى کورینا دەستدەکات شیعر دەنووسین بەهۆى شیعرەکانیەوە لەلایەن قەیسەرەوە بڕیارى دوورخستنەوەى بۆ وڵاتى یۆنان دەدرێت.
ناسۆ لە یۆنانەوە دەستدەکات بەناردنى نامە بۆ کچەکە، کە لەبنەڕەتدا کچى کەسێکى ترە، بەڵام ئەم لەکچى خۆى زیاتر خۆشى دەوێت. لەڕێگاى ئەو نامانەوە ناسۆ دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردووى خۆى و ژیانى لە یۆنان. ناسۆ دواى تەواوکردنى خوێندن دەبێتە دادوەر .
کورینا کچێک بووە ناسۆ زۆر خۆشى ویستووە تاقانەى دایک و باوکى بووە لە کێڵگەیەک لەدەژیا، بەڵام لەتەمەنى شازدە ساڵیدا باوکى کوریناى دا بەکوڕێکى بازرگانى دەوڵەمەند. ناسۆ هاوسەرگیرى لەگەڵ کچێکى تردا کرد لەیەکەم شەوى بوکێنیدا بەناسۆ دەڵێت کە ئەو کوڕێکى تر خۆش دەوێت، دواى ئەوە دەبنە خاوەنى منداڵێکى کچ بەپێی ڕێکەوتنى هەردووکیان پاش یەک ساڵ ژنەکە لەگەڵ کچەکەیدا دەڕوات بۆ سوریا تا بگاتە ئەو کوڕەى کە خۆشەویستووە.
دواتر ناسۆ عاشقى ژنە گۆرانیبێژێک دەبێت کە نازناوى بولبولى خۆشخوان دەبێت، سەرەڕاى ئەوەى کە دایک و باوکى بەوە ڕازى نین کە ناسۆ هاوسەرگیرى لەگەڵ ئەم ژنە بکات بەبیانووى ئەوەى کە ئەم ژنە هەوسبازە، بەڵام ناسۆ هاوسەرگیرى لەگەڵ دەکات دواى هاوسەرگیریش ئەم ژنە پەیوەندى لەگەڵ پیاوانى تر بەردەوام دەبێت بەهۆیەوە لەیەکتر جیادەبنەوە.
هەرچەندە ژنەکە دووگیان دەبێت، بەڵام منداڵەکە لەباردەبات.
دواى تەواوکردنى خوێندن ناسۆ لەگەڵ براکەى گەشتێک دەکات بۆ یۆنان لەوێ براکەى تووشى نەخۆشى دەبێت گیان لەدەستدەدات ئەمەش بەلاى ناسۆ وە ڕووداوێکى ناخۆش دەبێت. ناسۆ کاتێک لە ڕۆما دووردەخرێتەوە بۆ یۆنان خزمەتکارەکەى کە ناوى دیل لەگەڵ خۆیدا دەیبات. دیل ڕەشپێستە لە یۆنان ڕووبەڕووى زۆر ناخۆشى دەبێتەوە تا دواجار لەگەڵ کچێکى یۆنانى بەناوى لیسیا پەیوەندى دروستدەکات دواتر هاوسەرگیرى دەکەن. لەو کاتەى لیسیا دووگیان دەبێت لەلایەن چەتەکانەوە هێرش دەکرێتە سەریان، لەئەنجامى ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵیاندا لەپێناو پارێزگارى لە ژنەکەى ناسۆ بەسەختى بریندار دەبێت بەهۆیەوە دەمرێت.
دواى ماوەیەک لیسیا کوڕێکى دەبێت ناوى دەنێن ناسۆ. هەر لەیۆنان ناسۆ کچێک دەناسێت بەناوى کورینا ئەمەش دووبارە چیرۆکى خۆشەویستى یەکەمى لە ڕۆما کە هەر ناوى کورینا بوو بیردەخاتەوە، پاش ماوەیەک کورینا هاوسەرگیرى دەکات و ناسۆ بەجێدێڵێت.
ناسۆ هەمیشە لەچاوەڕوانى ئەوەدا بوو کە بگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەى خۆى بەردەوام لەڕێگاى ئەو کەشتیانەوە کە هاتوچۆیان دەکرد ساڵانە دەهات و دەچوون نامەى بۆ هاوڕێکانى دەنارد، بەڵام لە ڕۆماوە تەنیا دوو نامەى بۆهات یەکێکیان هى ژنەکەى بوو ناوەڕۆکەکەى شتێکى واى تێدا نەبوو، ئەویتریان لەلایەن هاوڕێیەکیەوە بوو کە باسى مردنى هاوڕێیەکى ترى کردبوو ئەمەش ناسۆى نیگەران کرد چاوەڕێی ئەوەبوو کە ژنەکەى بەتاسەوە هەواڵى بپرسێت.
ناسۆ دواى بەسەربردنى هەشت ساڵ لە تاراوگە مردوو نەیتوانى جارێکیتر بگەڕێتەوە بۆ ڕۆماى زێدى خۆى. ئەم ڕۆمانە ئەوەمان پێدەڵێت کە تاراوگە مرۆڤ گیرۆدەى زۆر شت دەکات ناتوانێت دەربازبێت لە ڕابردووى خۆى هەمیشە بیرى زێدى خۆى دەکات.
-ڕۆمانى نامە بۆ کچەکەم- تیۆدۆر کالیفاتیدێس، وەرگێڕانى دلاوەر قەرەداغى، لەبڵاوکراوەکانى ناوەندى ڕۆشنبیری و هونەرىی ئەندێشە، 2016، سلێمانى
