ڕۆمانى مژاباد
ڕۆمانى مژاباد یەکێکە لەڕۆمانەکانى ڕۆماننووسى ڕۆژئاواى کوردستان جان دۆست لەلایەن فەرهاد چۆمانى لە کرمانجیەوە کراوە بە سۆرانى، ئەم ڕۆمانە باس لە سەردەمى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد دەکات، کارکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکە بادین ئامێدیە کە خۆى لەناو ڕووداوەکاندا دەژى، یونس باوکى بادین پەیوەندى دەکات بەشۆڕشەکەى شێخ مەحمودى نەمر لەسلێمانى لەشەڕى دەربەندى بازیان شەهید دەبێت، دایکى بادینیش ئەرمەنیە.
بادینیش ڕوودەکاتە سلێمانى و چەند ساڵێک لەوێ دەژى چەندین کەس دەناسێت پەیوەندى لەگەڵ حیزبى هیوا دروست دەکات و هەر لەوێش کچێک بەناوى ژاڵە جاف دەناسێت دەبێـتە خۆشەویستى، دواتر بۆجارێکتر ئەم کچە لە مهاباد دەبینێتەوە.
بادین دواى ئەوەى کە بارزانییەکان ڕوو دەکەنە کۆمارى کوردستان ئەویش یەکێک دەبێت لەو کەسانەى کە دەچێتە شارى مهاباد بۆ خۆى لەناو ڕووداوەکانى کۆمارى کوردستان دەژى و دەبینێت کە ژۆن ڕووسەکان بێ بەڵێن دەبن کۆمار تووشى لەناو چوون دەبێت، هەروەها ئەو عەشرەت و هۆزە کوردییانەش دەناسێت کە پشت دەکەنە کۆمار و لەگەڵ دوژمن دەست تێکەڵ دەکەن بەمەش کۆمار ڕووبەڕووى مەترسى دەکەنەوە.
هەر لە مەهاباد بادین دەبێتە مامۆستا لەیەکێک لەقوتابخانەکان و لەوێ ئاشناى کچێک دەبێـت بەناوى مژدە خۆشەویستیەکى زۆرى بۆى دەبێت، بەڵام دواى ماوەیەک مژدە دەچێتەوە بۆ شارى شنۆ بەمەش بادین تووشى دابڕان دەبێت بەردەوام لەڕێگاى نامەوە هەواڵى مژدە دەپرسێت ئەوەى زۆر ناخۆشە مژدە دواجار لەگەڵ کەسێک بەناوى کەریم کە ڕۆڵى باوکى بینیوەو هاوڕێی بادین هاوسەرگیرى دەکات دواى ئەمە بادین تووشى بارێکى دەروونى زۆرناخۆش دەبێت کاریگەرى زۆر لەسەر بەجێدێڵێت.
شوێن لەڕوومانەکەدا هەریەک لە سلێمانى و مەهاباد و شنۆ و تەورێز و موسڵ
ڕووداویش لەڕۆمانەکەدا زۆرەو بەشێوەیەکى جوان و سەرنجڕاکێش لەلایەن ڕۆماننووسەوە کارى لەسەرکراوە.
جان دۆست بەڕۆمانى میرنامە خۆى بەخوێنەرانى سۆرانى ناساند هەر زوو بووە جێگاى سەرنجى خوێنەران.
ئەم ڕۆمانەم لەڕۆژانى 25-26/ 6-2016 خوێندەوە.