ڕۆمانى ئەفسانەى باوە سوبحان
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لەڕۆمانەکانى نووسەرى ئێرانى مەحمود دەوڵەت ئابادى لەلایەن خالید فاتیحى وەرگێڕاوە بۆسەر زمانى کوردى، هەرچەندە وەرگێڕانەکەى وەکو پێویست نییە.
ڕۆمانەکە باسى چیرۆکى خێزانێک دەکات بەناوى باوە سوبحان کە لەخۆى و دوو کوڕ بەناوى ساڵح و موسەیەب لەگەڵ بوکێک بەناوى شەوکەت کە هاوسەرى ساڵح پێکهاتووە.
ئەو خێزانە بە کشتوکاڵەوە سەرقاڵن بەشێکى ئەو زەوییەى کارى تێدا دەکەن خاوەنداریەتیەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ژنێک بەناوى عادلە کە بێوەژنە
عادلە بڕیاردەدات زەوییەکە لەو خێزانە وەربگرێتەوە و بیداتە کەسێکى تر بەناوى غوڵام کە پێشتر داواى شەوکەت هاوسەرى ساڵحى کردبوو، بەڵام شووى پێ نەکردبوو ئەمەش دەبێتە هۆى دروستبوونى ناکۆکى لەنێوان کوڕەکانى باوە سوبحان و غوڵام هەرچەندە باوەسوبحان لەچەند ڕێگایەکەوە هەوڵدادات ئەو زەوییە لەدەست نەدات، بەڵام هەوڵەکانى سەرکەوتوو نابێت
ڕۆژێک لەو کاتەى ساڵح و موسەیەب دەچنە زەوییەکەیان بۆ هێنانەوەى کەلوپەکانیان دەبینن غوڵام کەپرەکەیان دەڕوخێنێت ئەمەش ئەو دوو برایە توڕە دەکات سەرئەنجام ساڵح و غوڵام دەبێتە شەڕیان لەئەنجامى شەڕەکەدا غوڵام چەقۆیەک لە ساڵح دەدات لەو لاشەوە موسەیەب دێت توڵەى براکەى بکاتەوە، بەڵام غوڵام فریا دەکەوێت بە ماتۆڕەکەى ڕادەکات.
ساڵح بەکاریگەرى چەقۆکە گیان لەدەستدەدات باوە سوبحان و موسەیەب بە گوێدرێژەکەیان تەرمى ساڵح دێنەوە بۆ ماڵەوە لەوێ قەرەباڵخیەکى زۆر دروست دەبێت.
غوڵام دواى ئەوەى ڕایکرد خۆى گەیاندە ماڵى عادلە لەشار پێ ڕاگەیاند کە ساڵحى کوشتوە، عادلەش هەندێک پارەى پێدا وتى دەبێت بەزوویی خۆى ون بکات، ئەویش ڕایکرد تا نەدۆزرێتەوە.
عادلە لەشارەوە گەڕایەوە بۆ گوندەکە سەردانى ماڵى باوە سوبحانى کردوو پاش ئەوەى سەرخۆشى لە شەوکەت و دایکى کرد لەوکاتەدا شەوکەت دوو گیان بوو بارى تەندروستى باش نەبوو ئەوانیش بارى داراییان زۆر خراپ بوو کە بیبەن بۆ نەخۆشخانە عادلە ئەمەى بەهەلزانى بە دایکى شەوکەتى وت کە ئامادەیە زەوییەکەیان لێ بکڕێت بەپارەکەى چارەسەرى شەوکەتى پێبکەن.
دایکى شەوکەت بە داواکەى عادلە ڕازى بوو تاپۆى زەوییەکەیدا بە عادلە بەمەش ئەو پارچە زەوییەى کە تەنیا سەرچاوەى داهاتى خێزانى باوە سوبحان لەدەستیاندا.
دواى مردنى ساڵح بەهۆى کاریگەرى ئەوە موسەیەب تووشى نەخۆشى دەروونى بوو باوکى بەردەوام لەگەڵیدا بوو چاودێرى دەکرد سەرئەنجام ڕۆژێک موسەیەب لەدەستى باوکى هەڵدێت لەشوێنێک سوارى ماتۆڕێک دەبێت خۆى دەکێشێت بە دارێکدا گیان لەدەستدەدات.
غوڵامیش لەکۆتایدا خۆى تەسلیمى پۆلیس دەکات و خۆى وەکو تاوانبارێک دەناسێنێت.
نووسەر لەم ڕۆمانەدا ئاشنامان دەکات بەدیاردەیەکى کۆمەڵگا ڕۆژهەڵاتییەکان ئەویش کێشەى زەوى و زارە کە بەردەوام کێشەى گەورەى لێدەکەوێتەوە.
مەحمود دەوڵەت ئابادى ڕۆمانووسێکى بەناوبانگى ئێرانە لەساڵى 1940 لەسەبزەوارلەدایکبووە، خاوەنى چەندین ڕۆمانە لەگرنگترین ڕۆمانەکانى (کلیدەر) کە دە بەرگە و جێگای بەتاڵی سلوچ و کۆڵۆنێڵ و ئەفسانەى باوە سوبحان و گەلێک ڕۆمان و چیرۆکی تر.
ئەم ڕۆمانەم لەڕۆژى 10-10-2016 خوێندەوە.