کورد و کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ


کورد و کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ

یونس سلێمان ئەحمەد

له‌ئێستادا پرسی کۆنترۆڵکردنه‌وەی موسڵ لەژێر دەستی داعش بووەتە ڕۆژەڤی گەرمی ڕۆژ، بردنی هەزاران هێزی چەکداری جیاواز و چەکی جۆراوجۆر کاتی شەڕی موسڵی نزیکتر کردوەتەوە.
پڕۆسەی کۆنترۆڵکردنه‌وەی موسڵ بەتەنیا پرۆسەیەک نییە، کە پەیوەندی بە یەک لایەنەوه هەبێت، بەڵکو ئاماژەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە ئەم بابەتە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، زۆربەی وڵاتە گەورەکانی جیهان بەتایبەتی ئەمەریکا بەلایەوه گرنگە، چونکە باراک ئۆباما دەیەوێت هەرچۆنێک بووە پێش دەستپێکردنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئه‌مەریکا  کۆتایی بە داعش لەموسڵ بهێنێت، بۆئەوەی کاریگه‌ری لەسەر دەنگدەرانی ئەمەریکا دروستبکات و شانسی بردنەوەی هیلاری کلینتۆن پاڵێوراوی دیموکراتەکان زیاتر بکات.

ئەمەریکا ماوەی چه‌ند مانگێکە بەچڕی سەرقاڵی داڕشتنی پلانی شەڕی موسڵە و هەوڵیدا بەغدا و هەولێر ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت لێک نزیک بکاتەوە، تابتوانێت پڕۆسەکە بەبێ بوونی ململانێی دەستپێبکات.
ئەمەریکاش خۆشی ئەو ڕاستیە باش دەزانێت کە بەبێ کورد شەڕی موسڵ زۆر سەخت و بگرە مەحاڵیش دەبێت،  چونکە زۆرینەی ئەو ڕێگایانەی که دەچنە ناو موسڵ لەئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە.

تا ئێستا کارنامەی کورد بۆ کۆنترۆڵکردنەوه‌ی موسڵ ڕوون نییە، تەنیا ئەوە هەیە کە کورد بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەبێت قۆناغی دوای پڕۆسەکە و چارەنووسی ناوچە کوردییەکانی موسڵ لەبەرچاو بگیرێت، بەبێ ئەوەی کە هیچ ڕێککەوتنێکی نووسراوی لەگەڵ ئەمەریکا و عێراقدا هەبێت.

ئەوەی هەیە تەنیا لێکتیگەشتنێکە لەنێوان بەغدا و هەولێر بەبێ ئەوەی کورد بەغدای ناچار کردبێت بەوەی کە دەبێت ڕێککەوتن بکرێت لەسەر چارەنووسی سیاسی و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی موسڵ.

ئەگەر هەیە لەدوای شەڕی موسڵ عێراق نەچێته ژێرباری هیچ داواکارییەکی کورد بگرە داواش بکات، کە دەبێت پێشمەرگە لەو ناوچانە بکشێتەوە کە لەماوەی ڕابردوودا بەخوێنی سەدان پێشمه‌رگە کۆنترۆڵی کرد، ئه‌مەش ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای لێدەکەوێتەوە.
لەڕاستیدا حەق وابوو سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بەبێ جیاوازی بەرنامەیەکی هاوبەشی نیشتیمانی بۆ شەڕی موسڵ هەبوایە و بەیەکگرتووی خۆی بۆ ئامادەبکردایە، بەڵام بوونی ململانێی و ناکۆکی قوڵ لەنێوان لایەنه‌کاندا بوونی ئەو بەرنامەیەی کاڵ کردووەتەوە و  مەترسی هەیە لەداهاتوودا ئەو جیاوازییەی نێوان لایەنەکان بەخراپ بشکێتەوەو، کورد نەتواتى وەکو پێویست سوود لەم هەلە گرنگە وەربگرێت، تا بتوانێت ناوچە کوردییەکانى سنورى موسڵ بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمى کوردستان.

هەرچی پەیوەندی بە بەشداری تورکیاوە هەیه لەشەڕی موسڵ، هەر لەئێستاوە ناکۆکى گەورەى لە نێوان عێراق و تورکیا دروستکردووە و گەیشتوتە ڕادەى تێکچوونى پەیوەند دیبلۆماسسیەکانى نێوان ئەو دوو وڵاتە،  لەماوەى چەندی ڕۆژى ڕابردووودا لێدوانى توند ى گەورەبەرپرسانى هەردوو وڵاتى لێکەوتەوە.
تورکیا لەئەمساڵدا بەبیانووى هێرشکردنە سەر داعش هێزێکى سەربازى بەچەکەوە ڕەوانەى دەوروبەرى موسڵ کرد، ئەمەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بەشداریکردنى شەڕى موسڵ.

هەرچى هەڵویستى ئەمەریکایە لەسەر ڕۆڵى تورکیا لەشەڕى موسڵ ڕوون نییە  و لەمیانەى لێدوانى هەندێک گەورە بەرپرسى ئەمەریکایە جەخت لەسەر ئەوەکراوەتەوە، کە بەشداریکردنى هەر هێزێک لەپڕۆسەى کۆنترۆڵکردنەوەى موسڵ پەیوەستە بە ڕەزامەندى حکومەتى عێراق.
هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن کە بارودۆخى موسڵى دواى داعش زۆر ئاڵۆزتر دەبێت و ئەگەرى سەرهەڵدانى ململانێی گەورەترى لێدەکرێت وڵاتانى وەکو ئێران و تورکیا و سعودیە هەوڵى سەرخستنى کارنامەى خۆیان لەو شارەدەدەن.

ئەم بابەتە لەڕۆژى 16-10-2016 لەماڵپەڕى NRT بڵاوکراوەتەوە.

شارك الموضوع

إقرأ أيضًا