ڕۆمانى کوڕەزاکەى زیتۆ

ڕۆمانى کوڕەزاکەى زیتۆ

ڕۆمانێک دەربارەى ئەنفال

یونس سلێمان ئەحمەد  

ڕۆمانى کوڕەزاکەى زیتۆ لەنووسینى نووسەر و چیرۆکنووس حەمە فەریق حەسەن، لەئەمساڵدا بڵاوکرایەوە.
نووسەر بەزمانێکى کوردى بەرز و جوان دەمانباتە نێو ئازارەکانى کارەساتى ئەنفال و وێرانکردنى لادێیەکانى کوردستان.
ئالان کە کارەکتەرى سەرەکى ڕۆمانەکەیە مێرمنداڵێکە لەناو گوندەکەیاندا لەگەڵ دایک و باوکی و باپیرى دەژى لەوکاتەدا سوپاى عێراق و جاش دێن گوندەکە وێران دەکەن و دانیشتوانەکەى ئەنفال دەکەن، بەڵام ئالان و دایک  و باوکى دەتوانن خۆیان ڕزگار بکەن بچنە چیاکان لەوێ لەناو ئەشکەوتێک بژین، دواى ماوەیەک جاش دێن شوێنى ئالان و دایک و باوکى دەدۆزنەوە، بەڵام لەوکاتەدا ئالان لەوێ نابێت جاشەکان بەشێوەیەکى دڕاندانە دایک و باوکى ئالان دەکوژن.
کاتێک ئالان دێتەوە دەبینێت کە دایک و باوکى کوژراون ئەمەش دەبێتە کارەساتێکى گەورە لاى دواى ئەوەى کە تەرمى دایک و باوکى هەر بەجلوبەرگەکەى خۆیان دەنێژێت، بڕیار دەدات خۆى لەگەڵ سەگەکەى کە ناوى گورزەیە درێژە بەژیان لەدەوربەرى گوندەکە بدەن.
چارێک جاشەکان دێنە شوێنى مانەوەى ئالان، بەڵام ئەو لەناو ئەشکەوتەکەدا نییە و لەنزیکى ئەشکەوتەکەدا خۆى حەشار دەدات تا ئەو کاتەى جاشەکان دەڕۆن.
باپیرى ئالان کە ناوى زیتۆیە خەونێکى بینیوە کە ئالان دەبێتە سوارچاکێکى بەهێز و تۆڵەى قوربانیاییەکانى گوندەکەى دەکاتەوە.
ڕۆژێک ئالان دێتە ناو گوندەکە کە تەنیا پاشماوەى ماوە پیاوێکى بەتەمەن دەبینێت، کە نزیک دەبێتەوە دەزانێت لالە وەیسیە کە خەڵکى گوندەکەیە دواى سڵاوکردن ئالان خۆى پێناساند ئەویش زۆر دڵخۆش بوو باسى بەسەرهاتى خۆى کرد کە چۆن لەلایەن سوپاى عێراق و جاشەکانەوە لەگەڵ خێزان و منداڵەکانى براون بۆ بیابان ئەنفالکراون لەوێ ژیانێکى زۆر ناخۆشیان هەبووە، ڕۆژێک لەزیندان دەڵێن ئەوانەى بەتەمەنن ئازاد دەکرێن و ئیتر لالە وەیسیە دێتەوە بۆ کوردستان پاش مانەوەى چەند ڕۆژێک لەماڵ ئامۆزایەکى بڕیار دەدات بگەڕێتەوە بۆ گوندەکەى خۆى لەوێ بژى.
ئالان و لالەوەیسى ماوەیەک بەیەکەوە دەژین و چیرۆکەکانى زیندان و بارودۆخى ئەو هاوڵاتیە کوردانە کە چۆن لەلایەن سەربازانى عێراق دەچەوسێنرێنەوە بۆ ئالان باس دەکات.
لالەوەیسى دواى بەسەر بردنى ئەو ماوەیە لەگوندەکەى دەچێتە ناو ئەشکەوتێکەوە بۆ یەکجارى ماڵئاواى لە ئالان دەکات، ئەمەش بەلاى ئالانەوە زۆر ناخۆش دەبێت تا چەند ڕۆژێک بێتاقەت دەبێت.
 لەلاپەڕە 64 و 65 ڕۆمانەکەدا  بەمجۆرە باس لەبەیکگەشتنى ئالان و لالەوەیسى دەکات
(( ناوت کوێر نابێتەوە! ئەمەى وا دەیبنى خەونیش نییە لالە وەیسى، ڕاستییە. بەخێر بگەڕێیتەوە بۆ کۆنە هەوار. ئاخر منیش هەر لە کوتوپڕى دیمەنەکە حەپەساوم، ناوى تۆم لەبیر نەچووەتەوە.
باوەڕبکە من ئەمڕۆ، بە چاوى خەیاڵ بەشى زۆرتانم لێرە بینى. لەو خەیاڵەدا، ئێوە بەکاروبارى ڕۆژانەى خۆتانەوە خەریکبوون. من لەو خەیاڵەدا تۆیشم بینى، لە حەوشەکەتان خۆتان، بەدەورى هێترە کوێتدا دەهاتى !))
ڕۆژێک پیرەپیاوێکى گۆچان سەوز دێت بۆلاى ئالان ڕاسپاردەیەکى پێدەدات کە دەبێت لەدواى نەورۆز بڕوات بەرەو باکوور بۆ لاى هەندرێن لەوێ چاوى دەکەوێت بە وەستا ڕەجەب ئەویش چەکێکى دروستکراوى دەداتى، ئەسپێک و گۆچانێکى پێدەدات پێوت لەهەر کوێ پێویستى بەهاوکارى بوو داوابکات تا یارمەتى بدات.
ئالان دەستىیکرد بەگەشتەکەى بەرەو باکور لەڕێگادا تووشى تەنگوچەڵەمەى زۆر بوو تەنانەت لەلایەن سەربازانى عێراق گیراو لەناو قەڵایەکى سەربازى زیندانى کراو بڕیارى تیربارانکردنى دەدرێت کاتێک دەیهێنن بۆ جێبەجێکردنى بڕیارى تیربارانکردنەکە بە تیروکەوانەکەى خۆى، فەرماندەکە بە ئالان دەڵێت پێش مردنت چ داواکارییەکت هەیە ئەویش دەلێت تەنیا دەیەوێت بە ئەسپێک فڕەیەک لێبدات، فەرماندەکەش دەڵێت ئەسپێکى بۆ بهێنن، بەڵام با ئەسپەکەى خۆى نەبێت بێ ئەوەى ئەوان بزانن کە ئەسپەکەى ئالان ڕەنگە بەپێی شەو و ڕۆژ دەگۆڕێت ئەسپەکەى خۆى بۆ دەهێنن دواتر دەتوانیت لەقەڵاکە هەڵبێت و خۆى بگەیەنێتە ئەشکەوتێک لەوێ وەستا ڕەجەب ببینێت و ئەویش پاش باشکردنى چیرۆکى ژیانى خۆى پێ دەڵێت کە هەفتەیەکى تر بێتەوە تا چەکێکى دروستکراوى پێبدات.
ئالانیش پاش هەفتەکە دەچێتەوە بۆى لاى وەستا ڕەجەب ئەویش چەکێکى دروستکراوى پێدەدات.
دواى وەرگرتنى چەکەکە ئالان لەگەڵ ئەسپ و سەگەى دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکەى لەڕێگا لەناو دارستانێکدا دەگات پیاو و ژنێک لەگەڵ کچێکى بچوک  کە ماوەیەکى زۆر لەناو ئەو دارستانەدا دەژیان، پیاوەکە ناوى سەنگۆ و ژنەکەش ناوى خونچە و کچەکەشیان ناوى تەنیا بوو.
ئالان و خێزانەکەى سەنگۆ بەیەکەوە دەگەڕێنەوە بۆ گوندەکە لەوێش ژنێکى لێ بوو بەناوى پورە گوڵچن بەکەیەوە دەژین دواتر چەند سوارێک کە هاوڕێکانى منداڵى ئالان بوون دێن یەکێک لەو سوارانە هێلا کچە هاوڕێی منداڵى ئالان بوو، دواتر سوارەکان  بەیەکەوە بڕیار دەدەن هێرش بکەنەسەر ئەو قەڵا سەربازیەى کە لەناوچەکەدا هەبوو.
ئالان و هاوڕێکانى هێرش دەکەنە سەر قەڵاکە دەتوانن سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
خوێنەر بەخوێندنەوەى ئەم ڕۆمانە ئاشنا دەبێت بە کارەساتى ئەنفال و وێرانکردنى گوندەکانى کوردستان لەلایەن ڕژێمى بەعسەوە.

- کوڕەزاکەى زیتۆ، ڕۆمان، محەمەد فەریق حەسەن، چاپى یەکەم، چاپخانەى مەحوى، سلێمانى، ٢٠١٦


 ئەم ڕۆمانەم لەڕۆژانى 16_17-10-2016 خوێندەوە.

شارك الموضوع

إقرأ أيضًا